رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لیژنەی نۆبڵی نەرویجی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ئەم ساڵی بەخشییە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا، کۆشکی سپی رەخنەی لە لیژنەکە گرت.
رۆژی هەینی 10ی تشرینی یەکەمی 2025 ستیڤن چیونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ناڕەزایەتیی ئیدارەی ترەمپی راگەیاند و نووسی، "لیژنەی نۆبڵ جارێکی دیکە سەلماندی سیاسەت لەپێش ئاشتییەوە دادەنێت."
چیونگ لە درێژەی پەیامەکەیدا ستایشی هەوڵەکانی ترەمپ دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە جیهاندا و گوتی، "سەرۆک ترەمپ بەردەوام دەبێ لە ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاشتی، کۆتاییهێنان بە جەنگەکان و رزگارکردنی ژیانی خەڵک. سەرۆک ترەمپ خاوەنی دڵێکی مرۆڤدۆستانەیە."
لەو کاتەوەی لە کانوونی دووەمدا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی رۆڵی لە چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشە و ململانێی نێودەوڵەتی، شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵە.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، نێوەندگیرییەکەی بۆ قۆناخی یەکەمی ئاگربەست لە غەززە، هەشتەمین جەنگ بووە لەسەر دەستی کۆتایی هاتبێ.
ترەمپ هەمان رۆژ بەشێوەیەکی جیاواز لەبارەی خەڵاتەکە قسەی کرد و گوتی، "ئەوان هەرچییەک دەکەن، ئاساییە. من کارەکانم بۆ وەرگرتنی خەڵات ئەنجام نەداون، بەڵکو لەبەر ئەوە ئەنجامم داون کە ژیانی خەڵکێکی زۆر رزگاربکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ