رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا ئەم هەفتەیە دوو بڕیاری پەیوەندیدار بە کوردی دیاسپۆرا دەرچوون، یەکێکیان بۆ ئەوانەیە دەیانویست بە سێ ساڵ ببنە خاوەنی وڵاتینامەی ئەڵمانی.
لە کابینەی پێشوودا کە ئۆلاف شۆڵتز سەرکردایەتیی دەکرد بڕیاردرا هەر کەسێک لە ئەڵمانیا ئاستی خۆگونجاندن و فێربوونی زمانی بەرزترین بێت، یان خزمەتێکی گەورە پێشکێش بە ئەڵمانیا بکات، لە سێ ساڵدا بۆی هەیە وڵاتینامە (یان پاسپۆرت)ی ئەڵمانی وەربگرێت.
ئەم هەفتەیە کابینەی نوێی فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە پشتیوانیی پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتز، واتە سۆسیال دێموکراتەکان، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و چیدیکە کەس ناتوانێت بە سێ ساڵ ببێتە ئەڵمانی.
بڕیاری دووەم سەبارەت بەوانەیە کە سۆسیال و یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەردەگرن، لەمەودوا مەرجەکانی بەردەوامبوونی سۆسیال قوورستر دەکرێن، بۆ نموونە هەر کەسێک سۆسیال وەربگرێت، دەبێت پلانێکی روونی لە جۆب سەنتەری شارەکەیەوە بۆ دابنرێت کە چۆن دەیەوێت دوای ماوەیەک بچێتەوە کار بکات، ئەگەر کەسەکە پلانەکە جێبەجێ نەکات یان لەو ژوانانەی لە جۆب سەنتەر بۆی دادەنێن ئامادە نەبێت، سەرەتا 30%ی سۆسیالەکەی و دواتر تەواوی سۆسیالەکەی دەبڕدرێت.
هەروەها ئەو پارەیەی بۆ کرێی خانوو و کارەبا و یارمەتییەکانی دیکە بەو کەسە دەدرێت، ئەوانیش وردە وردە دەبڕدرێن، ئەمەش هەمووی بە یەک جار نابێت و ئەگەر کەسەکە چەندین جار بڕیارەکانی جۆب سەنتەری جێبەجێ نەکرد و پلانەکەی پشتگوێخست، یان چەند کارێکی بۆ پێشنیاز کرا و نەچوو، ئینجا یارمەتییەکان دەبڕدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ