رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، جارێکی دیکە سێباستیان لوکۆرنۆی وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان کردەوە، ئەمەش تەنیا 4 رۆژ دوای ئەوەی وازهێنانی خۆی لەو پۆستە راگەیاندبوو. راستڕۆکانیش دەڵێن، حکومەتەکەی ئەمجارەشی دەڕووخێنن.
کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (ئێلیزێ) رایگەیاند، "سەرۆککۆمار بەڕێز سێباستیان لوکۆرنۆی وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرد و ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێسپارد."
لوکۆرنۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، دەستنیشان کردنەوەکەی "وەکو ئەركێک" قبووڵ کردووە و گوتیشی، "پێویستە کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییە بهێنین" کە بەرۆکی فەرەنسای گرتووە.
هەر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو کارێکی پێویست" دەکات بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵ بودجەیەک بۆ فەرەنسا دابین بکات، چاککردنەوەی دۆخی دارایی گشتیشی بە "پێشینەیەکە بۆ داهاتوو"یان ناوبرد.
سەرۆکوەزیرانی دەستنیشانکراو فەرەنسا هۆشداریی دا لەوەی، ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە حکومەتەکەیدا بکەن، نابێت چاویان لەوە بێت خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ساڵی 2027 بەربژێر بکەن.
هاوکات گەورەترین پارتی راستڕۆی تووندڕەوی فەرەنسا رۆژی هەینی رایگەیاند، دەستبەجێ هەوڵی رووخاندنی حکومەتە نوێیەکەی فەرەنسا دەدەن، لەبەر ئەوەی بە بڕوای خۆیان، ئەو حکومەتە "هیچ داهاتوویەکی نییە."
جۆردان باردێلا، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی گوتی، ماکرۆن "دابڕاو و گۆشەگیر"ە. هەروەها باسی لەوەش کرد، دەستنیشان کردنەوەی لوکۆرنۆ "گاڵتەیەکی خراپ"ە، پارتەکەی "بێگومان دەستبەجێ لە رێگەی پێشنیازی متمانە لێسەندنەوەوە لە پەرلەمان، متمانە لەم هاوپەیمانێتییە وەردەگرێتەوە، کە هیچ داهاتوویەکی نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ