رووداو دیجیتاڵ
دوو بوومەلەرزەی بەهێز باشووری فلیپینیان هەژاند و لە ئەنجامدا لانیکەم 6 کەس گیانیان لەدەستدا و هۆشداریی سوونامی درا.
بەگوێرەی دەزگای رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر کاژێر 10ی بەیانی بەکاتی نێوخۆ (4:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر) لە دووریی نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی مانای لە هەرێمی مینداناو روویدا.
نزیکەی 10 کاژێر دواتر، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.7 پلە هەمان ناوچەی هەژاند.
هەردوو بوومەلەرزەکە 11 رۆژ دوای بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.9 پلە دێن، کە بەگوێرەی داتای فەرمی، بووەهۆی گیانلەدەستدانی 75 کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار و 200 کەسی دیکە لە پارێزگای سێبو لە نێوەڕاستی فلیپین.
کێنت سیمۆن، بەرپرسێکی فریاگوزارییە لە شارۆچکەی پانتوکان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "لە کاتی بوومەلەرزە گەورەکەدا سێ کرێکاری کانەکان کە لە شاخەکانی رۆژئاوای مانای خەریکی دۆزینەوەی زێڕ بوون، بەهۆی داڕمانی کانەکەوە گیانیان لەدەستدا."
کێنت سیمۆن گوتیشی، کرێکارێک بە زیندوویی دەرهێنراوە و چەندین کەسی دیکەش لە گوندە دوورەدەستەکە برینداربوون.
سیمۆن گوتی: "هەندێک لە تونێلەکان داڕمان، بەڵام کرێکارەکان توانییان خۆیان رزگار بکەن."
بەرپرسان رایانگەیاند، کەسێک لە شاری ماتی، گەورەترین ناوەندی شاری نزیک چەقی بوومەلەرزەکە، بەهۆی رووخانی دیوارێکەوە گیانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا کەسێکی دیکە بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس رایگەیاند، کەسێکی دیکەش لە شاری داڤاو، کە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای چەقی بوومەلەرزەکەوە دوورە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی رووخاوەوە گیانی لەدەستدا.
دەسەڵاتدارانی فلیپین ماوەیەکی کەم دوای بوومەلەرزەکە، هۆشداریی سوونامییان دەرکرد و داوای چۆڵکردنی ناوچەکانی کەناری رۆژهەڵاتیان کرد.
سەنتەری هۆشیاریی سوونامی لە زەریای هێمن، دواتر هوشدارییەکەی بۆ فلیپین، پالاو و ئیندۆنیزیا هەڵوەشاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ