زیلینسکی: پووتین ئاسوودە نابێت تاوەکو ئۆکراینا لەنێو نەبات

11-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆکراینا لە پایتەختی لیتوانیاوە هۆشداری دا، رووسیا دەیەوێت ئۆکراینا لەنێو ببات دواتر هێرش بکاتە سەر چەند وڵاتێکی دیکەی ئەو ناوچەیە و دەشڵێت، "ئەوان کۆتایی پێناهێنن تاوەکو ئێمە بەهەموومانەوە کۆتاییان پێ نەهێنین."
 
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "پووتین ناوەستێت، ئەو دەیەوێت بەتەواویی داگیرمان بکات. ئەو ئاسوودە نابێت تاوەکو ئۆکراینا لەنێو نەبات."
 
زیلینسکی رووی گوتەکانی لە وڵاتان کرد و رایگەیاند، "پووتین ئەم شەڕە راناگرێت تاوەکو بە هەموومانەوە لەنێوی نەبەین."
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئەو لێدوانەی لە شاری ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا دا و لە درێژەی قسەکانی گوتی، "ئەگەر ئۆکراینا خۆی لەبەر رووسیا رانەگرێت و لەنێو ببرێت دەزانن دواتر نۆرەی کام وڵاتە؟ لیتوانیا، لاتڤیا، ئیستۆنیا و مۆڵدۆڤا"
 
ئەو رەخنەی لە یارمەتی و هەڵوێستی رۆژئاوا هەبوو کاتێک گوتی، "هەندێکجار کاتێک هاوبەشەکانمان لە یارمەتییدانی دارایی و کۆمەکی سەربازیی دڵنیاییان نییە، ئەوە زیاتر هانی هێزی رووسیا لە دژی ئێمە دەدات."
 
لە کۆتاییدا زیلینسکی گوتی، "ئەوان دەستییان بە قسەکردن لەسەر فینلاند کردووە، ئەوان لەبارەی سەربەخۆیی ئۆزبەکستان قسەیان کردووە، ئەوان کۆتایی پێناهێنن تاوەکو ئێمە بەهەموومانەوە کۆتاییان پێ نەهێنین."
 
رۆژی 30-12-2023، ئۆکراینا هێرشێکی چڕی ئاسمانیی کردە سەر رووسیا و لانیکەم 25 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. مۆسکۆ بەڵێنی دا وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.
 
رۆژی 1-1-2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆک رووسیا لە پەیامی سەری ساڵدا گوتی: "لە ساڵی نوێ پلانمان هەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ئۆکراینا چڕتر بکەینەوە، هیچ تاوانێک دژی سڤیل بێ سزا نابێت تێپەڕێت."
 
سەرۆکی رووسیا هێرشەکانی ئۆکراینای بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەی بە هێرشی "تیرۆرستی" ناوبرد و گوتی، ئۆکراینییەکان "ناوەندی شارەکانیان کردووەتە ئامانج لەوکاتەی خەڵک هەموویان لە دەرەوە بوون و ئامادەکارییان بۆ ساڵی نوێ دەکرد."
 
رۆژێک دوای قسەکانی پووتین، دەنگی لانیکەم 10 تەقینەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بیسترا. گرمەی تەقینەوەکان هێندە گەورە بوون، کە باڵەخانەکانی نێوەڕاستی کیێڤیان هەژاند. نووسینگەی سەربازیی پایتەختی ئۆکرایناش پشتڕاستیکردەوە پاشماوەی مووشەکە بەرپەرچدراوەکانی رووسیا لە ژمارەیەک ناوچەی شارەکە کەوتوونەتە خوارەوە و هەندێکیان بە باڵەخانەکان کەوتوون. ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکشارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، کارەبای ژمارەیەک ناوچە بڕاوە. 
 
24ـی شوباتی 2022، شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە کوژراون.
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانەش لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە