رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا ئاسانکاری دەکات بۆ پێدانی ڤیزا بە خەڵکی ئەو ناوچانەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریا و تورکیا کە بەر بوومەلەرزە کەوتوون. ڤیزاکە بۆ 90 رۆژە و بۆ ئەو کەسانەیە کە خێزانەکانیان لە ئەڵمانیان.
ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند "حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێ هاوکار بێت، بەوەی ئەو خێزانانەی لە ئەڵمانیا دەژین و کەسوکاریان بەر بوومەلەرزە کەوتوون، بتوانن بۆ ماوەیەکی کاتی بیانهێننە لای خۆیان، ئەگەر شوێنی نیشتەجێبوونیان نەبێت، یاخود چارەسەری تەندروستییان پێویست بێت".
بێربۆک هەروەها دەڵێت "وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆ تیمێکی تایبەتیان دروستکردووە، کە ئێستا دەستبەکار دەبێت. ئامانج لێی ئەوەیە بەبێ بیرۆکراتییەت ڤیزا بۆ بەرکەوتووان دەربکات. کارمەندەکانمان لە نوێنەراتییەکانی تورکیا زیاتر کردوون و کاتەکانی کارکردنیشمان گۆڕیون".
پەیوەست بە هەمان بابەت، رۆژی شەممە، 11-2-2023، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: "هەرکەسێك لە تورکیا و سووریا بوومەلەرزەکە زیانی پێگەیاندبێت و خێزانەکەی لە ئەڵمانیا بێت، ئاسانکاری وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیای بۆ دەکرێت و ڤیزای سێ مانگی پێدەدرێت".
نانسی ڤیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: "ئەم هاوکارییە کاتییە و تایبەتە بەم بارودۆخە نائاساییە و هۆکارەکەی رێگەدانە بە خێزانی ناوچە وێرانەکانی تورکیا و سووریا لەگەڵ خێزان و کەسوکاریان لە ئەڵمانیا کۆببنەوە". گوتیشی "دەمانەوێت بەبێ هیچ بیروکراسییەتێك ڤیزا بەو کەسانە بدەین کە زیانیان بەرکەوتووە تاوەکو بتوانین جگە لە باشترکردنی باری دەروونیی خەڵک، هاوکات هاوکارییان بکرێت لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی".
لە ئەڵمانیا زیاتر لە 2.9 ملیۆن کوردی باکووری کوردستان و تورک دەژین
سەبارەت بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆچبەر و پەنابەرانی ئەڵمانیا رایگەیاندووە "لە کۆتایی ساڵی 2014ـدا کەمتر لە 118 هەزار پەنابەری سووری لە سەرانسەری ئەڵمانیا هەبوون، بەڵام لە دوای شەپۆلی کۆچبەران لە ساڵی 2015 و 2016 و ئەو ئاسانکارییانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا پێشکێشی پەنابەران کرا، ژمارەیان بۆ سەرووی 924 هەزار کەس بەرزبووەوە.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: "دەستپێشخەرییەکە هاوبەشە و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەڵمانیا کراوە و بریتییە لە پێدانی ڤیزای خێرا کە بۆ ماوەی سێ مانگ کاری پێدەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ