رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپیی ئەمریکا دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە دۆخی غەززە کردووە و سەرۆکی ئەمریکا پێی گوتووە، "هاوکاریی مرۆیی زیادبکرێت و بەبێ پلانێکی متمانەپێکراو و ورد نەچنە نێو شاری رەفەح."
شەوی یەکشەممە، 11-02-2024، کۆشکی سپیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێک بڵاویکردەوە، "سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیانکرد و جەختیان لەسەر ئاسایش بۆ ئیسرائیل، رزگارکردنی بارمتەکان و زیادکردنی هاوکاریی مرۆیی کردەوە."
هەروەک کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە نەتەنیاهووی راگەیاندووە کە نابێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە رەفەح بەبێ پلانێکی متمانەپێکراو جێبەجێ بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و پاڵپشیتی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس کە ئەوێیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە."
هەروەها جۆ بایدن، هەروەک کۆشکی سپی باسیدەکات، بە نەتەنیاهووی راگەیاندووە: "هەنگاوی بەپەلە و تایبەت بنرێت بۆ زیادکردنی بەردەوامیی هاوکارییە مرۆییەکان کە پێشکەش بە خەڵکی سڤیلی بێتاوانی فەلەستینی دەکرێت."
ئێستا شاری رەفەحی باشووری غەززە و هاوسنووری میسر زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووان و ئاوارەی لێیە، نەتەنیاهوو پێشتر، رۆژی 09-02-2024 بە سوپاکەی راگەیاندبوو، "پلانێک ئامادەبکەن بۆ چۆڵکردنی شارەکە لە خەڵک و "لەنێوبردنی کەتیبەکانی حەماس."
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆن و شەڕەنگێزییەکانی ئەوێ [غەززە] بەرەو مەرگەساتێکی مرۆییمان دەبات کە نەتوانرێت باسی لێوەبکرێت."
نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، "بەنیازین خەڵکی رەفەح بگوازینەوە باکووری شارەکە کە پێشتر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پاککرابۆوە، بەڵام هێشتا کار لەسەر پلانێکی وردتر دەکەین."
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک لە کەرتی غەززە.
رۆژی هەینی، 9ـی شوباتی 2024، تەندروستیی غەززە نوێترین ئاماری کوژراوانی غەززەی بڵاوکردەوە و گوتی، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم 28 هەزار و 64 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون.
ژمارەی ئەو کەسانەش کە لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل و هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بریندار بوون، بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، گەیشتووەتە 67 هەزار و 459 کەس. هاوکات نزیکەی هەزار و 160 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ