ترەمپ: دەکرێت رۆژێک ئۆکراینا ببێتە بەشێک لە رووسیا

11-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە کیێڤ دڵنیایی لە سەلامەتیی ئەو پارەیە بدات کە واشنتن لە ئۆکراینا وەبەریهێناوە، چونکە دەکرێت ئۆکراینا "رۆژێک ببێتە بەشێک لە رووسیا."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، ترەمپ لە بارەی ئۆکرایناوە گوتی: "ئەوان خاکێکی گرانبەهایان هەیە لە رووی یەدەگی کانزا دەگمەنەکانی زەوی، نەوت و گاز و شتەکانی دیکەش. دەمەوێت پارەکەمان سەلامەت بێت. چونکە ئێمە سەدان سەدان ملیار دۆلارمان خەرجکردووە. دەکرێت رێکبکەون، دەکرێت رێکنەکەون. دەکرێت رۆژێک ببنە بەشێک لە رووسیا. دەکرێت نەبنە بەشێک لە رووسیا."
 
وەک ترەمپ باسی کرد، ئەمریکا بە پێویستی دەزانێت ئەو پارەیەی لە ئۆکراینا وەبەریهێناوە، بۆی بگەڕێنرێتەوە. 
 
ترەمپ گوتی: "دەمەوێت بگەڕێتەوە. ئەمریکا زیاتر لە 300 ملیار دۆلار یان رەنگە 350 ملیار دۆلاری وەبەرهێناوە. ئەورووپا 100 ملیار."
 
ترەمپ هیچ وەڵامێکی راستەوخۆ و روونیشی لە بارەی ئەگەری بەردەوامبوونی ناردنی چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکراینا پێنەبوو.
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، داوای لە ئۆکراینا کردووە، بایی 500 ملیار دۆلار ئەو کانزا دەگمەنانە بە واشنتن بدات کە لە دروستکردنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنیدا بەکاردەهێنرێن. 
 
پێشتر ترەمپ بەردەوام باسی لەوە کردووە، دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە جەنگی نێوان مۆکسۆ و کیێڤ بێنێت، لە کاتێکدا ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوا دەکات، لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز بۆ پاراستنی وڵاتەکەی بدات. 
 
ترەمپ پێشتر گوتبووی، جۆزێف کیت کێلۆگ، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ گفتوگۆی جەنگی ئۆکراینا، لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی کیێڤ دەکات. 
 
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا کێلۆگ 20ی شوبات دەگاتە کیێڤ. 
 
ترەمپ وادەی سەردانەکەی پشتڕاستنەکردەوە، بەڵام گوتی کە سەردانەکە دەکرێت.
 
هەفتەی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند، دەیەوێت لەگەڵ ئۆکراینا گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێک بکات بۆ ئەوەی لە بەرامبەر یارمەتیی سەربازی، کیێڤ کانزا دەگمەنەکانی بە ئەمریکا بدات. 
 
لە وەڵامی ئەوەدا، زیلینسکی رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە پێشوازی لە "وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان" لە کانزاکانی وڵاتەکەیدا بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە