ترەمپ هۆشداری دەدات؛ ئەگەر بارمتەکانی ئیسرائیل ئازادنەکرێن "دۆزەخ بەرپا دەبێت"

11-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە "دۆزەخ بەرپا دەکات" ئەگەر تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی شەممە، هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە ئازاد نەکرێن. 
 
هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات کە حەماس هەڕەشەی کرد، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە دژی رێککەوتنی ئاگربەست، ئازادکردنی کۆمەڵەی شەشەمی بارمتەکان دوادەخات. 
 
ئاگربەستەکە 19ی کانوونی دووەم چووە واری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە 15 مانگ لە جەنگی کەرتی غەززە بێنێت. تاوەکو ئێستا حەماس پێنج کۆمەڵە بارمتەی ئیسرائیلیی لە بەرامبەر سەدان بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرووە. 
 
بەڵام لەو کاتەوەی ترەمپ پێشنیازی دەستبەسەرداگرتنی غەززە و راگواستنی دانیشتووانی خستەڕوو، گرژییەکان زیاتر بوون. ترەمپ گوتی، ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە، هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکرێن، ئەوا داوا دەکات کۆتایی بە ئاگربەستەکە بهێنرێت. 
 
ترەمپ بە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە، ئەگەر هەموو بارمتەکان تا کاژێر 12ی رۆژی شەممە ئازادنەکرێن، کە بە بڕوای من ئەوە کاتێکی گونجاوە، من دەڵێم هەڵیوەشێننەوە و هەموو شتێک دەکرێت رووبدات و لێدەگەڕێم دۆزەخ بەرپا دەکات."
 
بە گوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، پێویستە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا کە 42 رۆژە، بارمتەکان بە چەند گەڕێک ئازاد بکرێن. 
 
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی یەکینەکانی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس، رۆژی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئازادکردنی کۆمەڵە داهاتوو "کە بۆ رۆژی شەممە، 15ی شوباتی 2025 دانرابوو، تا کاتێکی نادیار دوادەخرێت."
 
ئەبو عوبەیدە، تاوەکو ئیسرائیل بە مەرجەکانەوە پابەند نەبێت، بارمتەکان ئازاد ناکرێن.
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو دواخستنەی حەماس، "پێشێلکاریی ئاگربەستە. فەرمان بە سوپای ئیسرائیل کراوە لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن."
 
بەگوێرەی مەرجەکانی ئاگربەستەکە، پێویستە لە قۆناخی یەکەمدا، حەماس 33 بارمتە ئازاد بکات و لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەزار و 900 بەندکراوی فەلەستین ئازاد بکات.
 
رۆژی شەممە 08-02-2025 حەماس و ئیسرائیل پێنجەم کۆمەڵەی بەندکراو و بارمتەکانیان ئاڵۆگۆڕکرد. حەماس سێ بارمتەی پیاو و ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازادکرد.
 
لە راگەیێنراوەکەی قەسامدا هاتووە، ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی "پێشێلکارییەکانی" ئیسرائیلیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە لە سێ هەفتەی رابردوو، ئیسرائیل پابەندی مەرجەکان نەبووە.
 
قەسام دەڵێت: "دواخستنی کردنەوەی رێگەی باکووری غەززە، تەقەکردن و بە ئامانجگرتنی خەڵکی غەززە لە ناوچەی جیاوازی کەرتەکە، هەروەها رێگەنەدان بە هاتنە ناوەوەی هاوکاریی مرۆیی، هەروەک رێککەوتنیان لەسەر کرابوو. لە بەرامبەردا حەماس پابەندی هەموو خاڵەکان بووە."
 
تاوەکو ئێستا فەلەستینییەکان 21 بارمتەیان ئازادکردووە.
 
بڕیارە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست لە دەوحە دەستپێبکەنەوە. هەریەک لە قەتەر، میسر و ئەمریکا نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماسن.
 
ئامانجی قۆناخی دووەم بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەی دیکە و دانانی نەخشەڕێگەی راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە