رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ رووسیا زیادکردووە و زیاتر لە 200 تۆپ و چەندین جۆر تەقەمەنی دیکەی بەو وڵاتە داوە.
رۆژی سێشەممە، 11ی شوباتی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور نزیکەی "11 هەزار سەرباز و 200 تۆپ و چەندین تەقەمەنی" بۆ رووسیا ناردووە.
ئەو بەرپرسەی سیئۆل ئاماژەی بەوەشکرد، پیۆنگیانگ نیازی هەیە "سەرباز، چەک و تەقەمەنی" زیاتر بداتە مۆسکۆ و بۆ ئەوەی لە دژی ئۆکراینا بەکاریانبهێنێت.
تائێستا هیچ کام لە مۆسکۆ و پیۆنگیانگ ناردنی سەربازی کۆریای باکووریان بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە دژی ئۆکراینا پشتڕاستنەکردووەتەوە.
ئەو گوتانەی بەرپرسەکەی کۆریای باشوور لەکاتێکدان رووسیا و کۆریای باکوور رێککەوتنامەی بەرگریی ستراتیژی هاوبەشیان هەیە. یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئەگەر یەکێکیان لە جەنگ دابوو لەگەڵ وڵاتێکی دیکە، ئەوا وڵاتی دووەم پێویستە هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکێش بە وڵاتی یەکەم بکات.
نزیکەی سێ ساڵە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکردووە. هەرچەندە چەند وڵاتێک کە دیارترینیان ئەمریکایە هەوڵی نزیککردنەوەی هەردوو وڵات بۆ ئاگربەست دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بەرهەمێکیان نەبووە. ئەمە بەهۆی ئەوەیە کە هیچ کامیان ئامادە نین دەست لە داواکارییەکانیان هەڵگرن.
بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، بەو مەرجە ئامادەی ئاگربەستن کە ئەو ناوچانەی خاکی ئۆکراینا کە کۆنترۆڵیان کردوون لەژێر دەستیاندا بمێننەوە و ئۆکرایناش هیچ کات نەبێتە ئەندامی ناتۆ، ئەم دوو مەرجە لەلایەن کیێڤەوە رەتکراونەتەوە بەتایبەت ئەندام نەبوون لە ناتۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ