رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقەکردن لە قوتابخانەیەک و لەنێو ماڵێک لە شارۆچکەیەکی رۆژئاوای کەنەدا نۆ کەس کوژران. پۆلیس دەڵێ، گومان دەکرێ تەقەکاریش خۆی کوشتبێت.
رۆژی سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، رووداوێکی تەقەکردن لە ناوچەی تمبڵەر ریج لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا لە کەنەدا روویدا. بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی کەنەدا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا نۆ کەس کوژراون کە حەوتیان لەنێو قوتابخانەیەکی ئامادەیی بوون.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، لەو هێرشەدا 27 کەسی دیکە برینداربوون؛ باری تەندروستیی دووانیان ناجێگیرە.
میدیای کەنەدا بڵاویکردەوە، تەقەکارەکە ژن بووە، بەڵام پۆلیس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا بکات.
پۆلیس دەڵێ، پاشنیوەڕۆی سێشەممە ئاگادارکردنەوەیەکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە هەبوونی چەکدارێک لە قوتابخانەی ئامادەیی تمبڵەر ریچ. کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، تەرمی شەش کەسیان دۆزیوەتەوە. کەسێکی دیکەش دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
هاوکات لەنێو ماڵێکدا لە هەمان ناوچە، تەرمی دوو کەسی دیکە دۆزراوەتەوە کە پۆلیس دەڵێت: "پەیوەندییان بە رووداوەکەی قوتابخانەکەوە هەبووە."
هەر لەنێو قوتابخانەکەدا، تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت تەقەکارەکە بێت و بە گولە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کرد و رایگەیاند، "توشی شۆک بووم بەو تووندوتیژییە مەترسیدارە، نزا و هاوخەمی قووڵم بۆ کەسوکاری قوربانییەکانە."
شارۆچکەی تمبڵەر ریچ لە ناوچەیەکی گەشتیاری و ئارام هەڵکەوتووە و تەنیا 2 هەزار و 400 دانیشتووی هەیە. ئەم شارۆچکەیە زیاتر لە 1100 کیلۆمەتر لە شاری ڤانکۆڤەرەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ