لە کۆنگرێس ڤیدیۆی "سووکایەتیکردن بە تەرمی ژنانی کورد" پێشاندرا؛ ئەمریکا هۆشداری دەدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
 وێنەی سووکایەتیکردن بەم دوو ژنە شەڕڤانە لە کۆنگرێس پێشاندرا
وێنەی سووکایەتیکردن بەم دوو ژنە شەڕڤانە لە کۆنگرێس پێشاندرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دانیشتنێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا، گرتە ڤیدیۆیەکی "شۆککەر" لەبارەی سووکایەتیکردنی چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا بە تەرمی چەند ژنێکی کورد پێشاندرا. سەرۆکی لیژنەکە هۆشداریی تووندی دایە دیمەشق و گوتی: "ئەم کردەوانە قبووڵکراو نین."
 
لە دانیشتنەکەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی پێشوو و شارەزای دۆخی سووریا بەڕێوەچوو، سکۆت پێری، ئەندامی کۆنگرێس پێش پێشاندانی ڤیدیۆکە گوتی: "گرتە ڤیدیۆییەک پێشان دەدەین، ئەگەر ناتانەوێت دیمەنی شۆکئامێز و دڕندانە ببینن، چاوتان دابخەن." 
 
ڤیدیۆکە نزیکەی 40 چرکە بوو و تێیدا ژمارەیەک چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا دەبینران سووکایەتی بە تەرمی چەند ژنێک دەکەن.
 
نادین ماینزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند، ڤیدیۆکان لە حەسەکەوە بۆی نێردراون.
 
ماینزا هۆشداریی لە مەترسیی دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی ئێزدییەکان دا و گوتی: "ئێزدییەکان لەبەردەم مەترسییەکی جیددی دان؛ فەرماندەی فیرقەی 86ی سوپای سووریا کەسێکە پێشتر لەسەر بازرگانیکردن بە کچ و ژنانی ئێزدی سزادراوە، کەچی ئێستا فەرماندەی باڵایە لەو سوپایەدا."
 
برایان ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیامێکی تووندی ئاراستەی دیمەشق کرد و گوتی: "کردەوەکانی ئەم دواییە دژی هەسەدە، کە هاوبەشی دێرینی ئێمەیە لە شەڕی دژی تیرۆر، هەروەها دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان، بە هیچ شێوەیەک شیاوی قبووڵکردن نین."
 
لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، چەندین راپۆرت و دیمەن لەبارەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بڵاوکرانەوە کە کاردانەوەی نێودەوڵەتییان لێکەوتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە