ئەندامێکی کۆنگرێس: حکومەتی ئەمریکا گەورەترین دۆسیەی منداڵبازی دادەپۆشێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میلانی ستانسبێری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، حکومەتی وڵاتەکەی بە "داپۆشینی " گەورەترین ئابڕووچوونی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و سێکس لە مێژووی ئەمریکادا تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، چەندین بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئێستا ناویان لە ناو دۆسیە نهێنییەکانی جێفری ئێپستیندایە.
 
ستانسبێری لە گوتارەکەیدا لەبەردەم باڵەخانەی کۆنگرێس، چەندین ناوی دیاری هێنا کە بە گوتەی ئەو ناویان لە ناو دۆسیەکاندا هەیە، لەوانە:
 
هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانیی ئێستا؛ ئیلۆن مەسک، بەرپرسی پێشووی ئاژانسی کارامەیی حکومەت. ستیڤ بانن، راوێژکاری پێشووی ترەمپ؛ جۆن فیلان، وەزیری هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا.
 
ستانسبێری جەختی کردەوە کە "زیاتر لە 30 کەس کە پێکهاتوون لە هاوکاران، ئەندامانی بنەماڵە و ئەو کەسانەی پەیوەندییان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەیە، ناویان لە ناو ئەو دۆسیانەدایە."
 
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس دەڵێ، حکومەتی ئەمریکا خەریکی پاراستنی هاوپەیمانەکانی سەرۆک و وەزارەتی دادە. ستانسبێری رایگەیاند: "ئەندامانی چالاکی ناو ئەم ئیدارەیە لە ژێر سوێندا درۆیان لەگەڵ گەلی ئەمریکا و کۆنگرێس کردووە، ئێمە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین."
 
ستانسبێری ئاماژەی بەوەش کرد، لانیکەم 9 یان 10 وڵاتی دیکە لە جیهاندا، لێکۆڵینەوەیان لەم دۆسیانە دەستپێکردووە یان سەرکردەکانیان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کردووە تەنیا بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئێپستین، بەڵام لە ئەمریکا هەوڵی شاردنەوەی دەدرێت.
 
ستانسبێری لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی تۆماری کردووە دوای خوێندنەوەی دۆسیەکان لە وەزارەتی داد، بە خەمبارییەکی زۆرەوە باس لە(رانچی زۆرۆ) لە ویلایەتی نیومەکسیکۆ دەکات.
 
رانچی زۆرۆ کێڵگەیەکە کە ئەسپی تێدا بەخێودەکرێ، بەگوتەی ئەو ئەندامەی کۆنگرێس بەشێک لەرووداوەکان لەوێ روویداوە.
 
ستانسبێری گوتی: "زانیاریی زۆر تاریک و قێزەون لە ناو ئەو دۆسیانەدا هەن دەربارەی ئەوەی لەو شوێنەدا روویداوە. نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی هەرگیز لێکۆڵینەوەی ته‌واوی لەو شوێنە نەکرد، لە کاتێکدا قوربانییان هەبوون چوونەتە لای پۆلیس و سکاڵایان کردووە، بەڵام کەس بەدواداچوونی بۆ نەکردوون."
 
لە ڤیدیۆیەکی دیکە، میلانی ستانسبێری رووی دەمی کردە قوربانییەکان و گوتی: "باوەڕ بە قوربانییەکان بکەن، ئەوان 20 ساڵە پێمان دەڵێن کێ لە ناو ئەو دۆسیانەدایە. دڵم لای ئێوەیە؛ ئەوەی بەسەر خەڵکدا هاتووە لەو شوێنانەدا ترسناکە. ئێمە بەردەوام دەبین لە گەڕان لە ناو دۆسیەکاندا تاوەکو دادپەروەری جێبەجێ دەبێت."
 
ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ملیۆنان بەڵگەنامەی نهێنیی ئێپستین کە بووەتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە واشنتن و لێکۆڵینەوەی تووند لە چەندین کەسایەتیی دیاری جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منداڵێکی تازە لەدایکبوو

ئەورووپا رووبەڕووی قەیرانی کەمیی منداڵ بووەتەوە

نووسینگەی ئاماری یەکێتیی ئەورووپا زەنگی مەترسی لێدەدات و رایدەگەیێنێت، هیچ کام لە وڵاتانی یەکێتییەکە نەگەیشتوونەتە رێژەی پێویستی لەدایکبوون؛ ئەوەش مەترسیی لەسەر سەقامگیریی وڵاتان و بازاڕی کار دروستکردووە.