رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆبوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا، پەیامنێری رووداو لەوێ بوو؛ تاوەکو هەموو شایەتحاڵەکان گوتەکانیان پێشکێش کرد و دواتر دەرگەی پرسیارکردن واڵا کرا. لەدوای تەواوبوونی پرسیارەکانی ئەندامانی کۆنگرێس، پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ برایان ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (کۆماری) و گرێگۆری مێکس، ئەندامی باڵای لێژنەکە (دیموکرات) کرد. دیار کوردە لێی پرسین: ئەم کۆبوونەوەیە چی لە بۆچوونی ئێوە گۆڕی؟ کورد ترسی هەیە ئەمریکا پشتی تێبکات.
برایان ماست، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە دیار کوردەی گوت، "من پابەند دەبم بە بەردەوامبوونی گفتوگۆکانم لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم. ئەو یەکێکە لەو دەنگە بەرزانەی لەم رێککەوتنانە و هەر شتێک کە روودەدات، گوێی لێ دەگرم. ئەو هاوپەیمانێکی جێی متمانە بووە و من بەردەوام دەبم لە قسەکردن لەگەڵیدا سەبارەت بە هەموو شتێک".
برایان ماست ئاماژەی بەوە دا، "پێم وایە دوا پرسیار لەوێ کرا و ئاراستەی هەر چوار پانێلیستەکە کرا، ئەوە بوو دیارە گومانی زۆر هەیە سەبارەت بە داهاتووی سەقامگیری لەناو سووریا؛ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی رەفتارەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد شەرع و پرسی تێکەڵکردن یان تێکەڵنەکردنی پێکهاتە کەمینەکان لەناو حکومەتدا. ئێستا ئەوە لەسەر شانی شەرعە کە رێڕۆکەی بگۆڕێت و نەخشەڕێگەیەکی جیاواز دابڕێژێت. من تەنیا لەبەر ئەوە گەشبینم کە ئەوان دەرفەتێکیان هەیە بۆ گرتنەبەری رێگەیەکی جیاواز."
گرێگۆری مێکس، ئەندامی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یەکێکی دیکە بوو لەوانەی قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، "پێویستە تووندوتیژی بەرامبەر درووز، کورد و کەمینەکانی دیکە رابگیرێت. زۆر شت هەیە دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە یەکبخرێت و دڵنیایی بدرێت لەوەی کەمینەکان پارێزراون. ئێمە گەشبینین، بەڵام هاوکات ئاگاداری ئەو دۆخە و ئەو رووداوانەین کە ئەم دواییە روویان داوە؛ بۆیە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە. وەک لە گوتەی دەستپێکیشمدا ئاماژەم پێدا، ئێمە دەرفەتێک بۆ سووریایەکی ئاشتیخواز دەبینین، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە تێیدا بەشدار بن. هەروەک پێشتریش گوتوومە، خۆزگە ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکی (USAID) و لایەنەکانی دیکەمان هەبووایە کە بتوانن لەم دۆخانەدا هاوکاری بکەن."
پەیامنێری رووداو هەوڵی دا لەگەڵ زۆربەی ئەندامانی ئەو لیژنەیە قسە بکات؛ هیچ کامێکیان پشتیوانیی تەواویان بۆ حکومەتی نوێی سووریا دەرنەبڕی، بەڵکو هەموویان نیگەران بوون لە رەفتارەکانی حکومەتی سووریا. بۆچوونیان وابوو ئەگەر وڵاتەکەشیان پشتیوانی لە دیمەشق بکات، دەبێت دڵنیا بێتەوە لەوەی کورد و پێکهاتەکانی دیکە پارێزراون. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پرسیارم لە نەدین مەیێنزا کرد کە یەکێک بوو لە شایەتحاڵەکان؛ لێم پرسی: کۆبوونەوەکە تەواو بوو، ئێستا چاوەڕێی چی لە کۆنگرێس دەکەن؟
نەدین مەیێنزا دەڵێت، "پێم وایە گرنگترین شت ئەوەیە چاودێریی رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەم و رووداوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکەن. ئایا حکومەتی سووریا هێزەکانی دەکێشێتەوە؟ ئایا حکومەتی سووریا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات هیچ کام لە هێزە ئەمنییەکانی سووریا رێگەیان پێنەدرێت بچنە ناو گوندە کوردی، ئاشووری، ئێزدی یان هەر پێکهاتەیەکی دیکەی کەمینە؟ ئەوان پێشتر رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی ئاسایشی خۆجێییان هەبێت و ئەو حکومەتە گشتگیرەی پێشتر بنیاتیان ناوە، لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان کە هەموو پێکهاتە کەمینەکان دەگرێتەوە، ببنە بەشێک لەو کۆمەڵگەیە؛ بێگومان بەو مەرجەی نیوەی سەرکردەکان ژن بن."
لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا بە وردی چاودێریی رووداوەکانی سووریا دەکات. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، ئەوان "چەکی سپی"یان (Blank Check) بۆ سەرۆکی کاتیی سووریا و حکومەتەکەی واژۆ نەکردووە؛ ئەگەر باش رەفتار نەکات، سیاسەتەکەیان دەگۆڕێت و سزاکانیان بەسەردا دەسەپێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ