فەرەنسا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گۆشت کەمتر بخۆن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی فەرەنسا ستراتیژییەکەی بۆ ساڵی 2030 بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستییان، گۆشت کەمتر بخۆن؛ ئەوەش ئاژەڵدارانی وڵاتەکەی نیگەران کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، حکومەتی فەرەنسا لە چوارچێوەی "ستراتیژیی نیشتمانی بۆ خۆراک، خۆراکی تەندروست و کەشوهەوا" راپۆرتێکی بڵاوکردەوە. ئامانجی سەرەکیی راپۆرتەکە دروستکردنی هاوسەنگییە لەنێوان سیستمێکی خۆراکیی تەندروست و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان تاوەکو ساڵی 2030.
 
راپۆرتەکە کە دەبوو ساڵی 2023 بڵاوبکرایەتەوە، بەهۆی ناڕەزایەتی و گوشاری ئاژەڵداران دواخرابوو، کە حکومەتیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی "هەڕەشە لە بژێویی ژیانیان دەکات."
 
ئەم بڕیارە لە وڵاتێکدا کە بە خواردنی (ستەیک و پەتاتە) ناسراوە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. بەڵام بەپێی بەڵگە زانستییەکان، بەرهەمهێنانی خۆراک بەرپرسیارە لە 25%ـی کۆی دەردانی کاربۆن لە فەرەنسا، کە تێیدا بەرهەمهێنانی گۆشت بە تەنیا دوو لەسەر سێی ئەو رێژەیە پێکدەهێنێت.
 
رێنماییە نوێیەکەی فەرەنسا رێک مانگێک دوای ئەوە دێت کە حکومەتی ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ئاراستەکەی پێچەوانە کردەوە و هانی هاووڵاتییانی دا بۆ خواردنی گۆشتی سوور و بەرهەمە سپییە پڕ چەورییەکان.
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکانی فەرەنسا، حکومەت هانی خەڵک دەدات زیاتر میوە، سەوزە و دانەوێڵە بخۆن. هەروەها جەخت لە "سنووردارکردنی" خواردنی گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە دەکاتەوە، لەگەڵ "کەمکردنەوەی" گۆشتی هاوردەکراو.
 
ستێفانی پیرێ، لە کۆمەڵەی (France Assos Sante) رایگەیاند: "ئێمە ئاسوودەین کە دواجار ئەم پلانە بڵاوکرایەوە، چونکە دەترساین فەرامۆش بکرێت، بەڵام هیوامان دەخواست پلانەکە زۆر لەمە بوێرتر بوایە."
 
ئەم رێنماییانە تەنیا چەند رۆژێک پێش کردنەوەی پێشانگەی ساڵانەی کشتوکاڵی فەرەنسا لە 21ـی شوبات بڵاوکرانەوە. پێشانگەیەک کە تێیدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، هەمیشە رووبەڕووی تووڕەیی ئاژەڵداران دەبێتەوە.
 
جگە لە کەمکردنەوەی گۆشت، ئاژەڵداران فەرەنسا نیگەرانی واژۆکردنی رێککەوتنی بازرگانیی ئازادی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەمریکای باشوورن، کە پێیانوایە دەبێتە هۆی رژانی بڕێکی زۆر گۆشتی هەرزان بۆ ناو بازاڕەکانی فەرەنسا و زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیێنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رۆمان بەیبەر، پەرلەمانتاری کەنەدا

پەرلەمانتارێکی کەنەدا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان بکات

لە پەرلەمانی کەنەدا، پەرلەمانتارێک هۆشداری دەدات لە دۆخی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، مەترسیی "کۆمەڵکوژی" لێدەکرێت و داوا لە ئۆتاوا دەکات بێتە دەنگ.