رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 11-02-2026، لیستێکی نوێی هۆشداریی گەشتکردنی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا 21 وڵاتی خستووەتە "ئاستی چوارەم" کە بەرزترین و مەترسیدارترین ئاستی هۆشدارییە.
بەپێی رێنماییە نوێیەکانی حکومەتی ئەمریکا، ئاستی چوارەم بە واتای "گەشت مەکە" دێت. ئەم پۆلێنە بەهۆی نالەباریی بارودۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە و نەبوونی توانای باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی و پاراستنی هاووڵاتییانیان لەو وڵاتانە دەردەچێت.
ئەمریکا رایگەیاندووە کە ئەم شوێنانە لە رووی ئەمنییەوە "زۆر مەترسیدارن" و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لەبەر هەر هۆکارێک بێت، بە هیچ شێوەیەک سەردانی ئەو وڵاتانە نەکەن.
لیستی ئەو وڵاتانەی گەشتکردن بۆیان قەدەخەیە و لە "ئاستی چوارەم"دان بریتین لە: عێراق، ئێران، سووریا، ئەفغانستان، رووسیا، ئۆکراینا، لوبنان، یەمەن، لیبیا، سۆماڵ، سوودان، سوودانی باشوور، بێلارووس، بۆرکینافاسۆ، بۆرما (میانمار)، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، هایتی، مالی، نەیجەر، کۆریای باکوور و ڤەنزوێلا.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هۆشدارییانە بە شێوەیەکی خولی و بەپێی گۆڕانکارییە ئەمنییەکان نوێ دەکرێنەوە و تێیدا جەخت کراوەتەوە کە گەشتکردن بۆ ئەم وڵاتانە مەترسی لەسەر ژیانی گەشتیاران دروست دەکات.
بڵاوکردنەوەی ئەو لیستە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە گرژییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران زیادیان کردووە، ئەمەش پێش ئەوەی هەفتەی رابردوو یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانیان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ