رووداو دیجیتاڵ
رووسیا، ئەمریکا بە هاوکاریکردنی ئۆکراینا لە دروستکردنی چەکی بایلۆجی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، زانیاریی هەواڵگری پشتڕاستکراویان هەیە کە ئەمریکا لە تاقیگەیەکی تایبەت لە نزیک سنووری رووسیا، دەستی بە بەرنامەیەکی تایبەت بە دروستکردنی چەکی بایۆلۆجی کردووە کە لەو رێگەیەوە نەخۆشیی کوشندە وەک پەتای تاعوون، بڵاودەبێتەوە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئێمە لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەمان لە ئۆکراینادا، چەند راستییەکمان بۆ یەکلابووەوە، ئەمریکا پەرەی بە چەکی بایۆلۆجی بە مەبەستی بەکارهێنانی سەربازی لە ئۆکراینا داوە."
بەر لەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لەناوبردنی چەند کۆگایەکی لە شاری لڤیڤی رۆژئاوای ئۆکراینای راگەیاند کە "چەند پێکهاتەیەکی بەرپرس لە سەرهەڵدانی پەتای کوشندەی لەخۆگرتبوو." راشیگەیاند، "ئەمریکا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری لە تاقیگەیەکی ئۆکراینادا خەرجکردووە، کە پەرە بە بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆجی دەدات."
راگەیێندراوەکەی رووسیا لەلایەن ئەمریکاوە رەتکرایەوە.
جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکا لەبارەی ئەو پرسە هاتە سەر هێڵ و گوتی، "ئەوان بەرنامەیەکی گەورەی بایلۆجی و کیمیاییان هەیە، رووسیا بەردەوام ئەوەی هەبووە، جگە لەوە رووسیا مێژوویەکی هەیە لە دروستکردنی ئەو جۆرە درۆیانە."
کیێڤیش بێدەنگ نەبوو، سەرۆکی ئۆکراینا مۆسکۆی بە هەوڵدان بۆ چەواشەکردنی جیهان تۆمەتبارکرد.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "ئەوە زۆر منی نیگەران کردووە، چونکە ئێمە هەمیشە بەو باوەڕە گەیشتووین ئەگەر بتەوێت پلانەکانی رووسیا بزانیت، تەنیا بزانە ئەوان لایەنی بەرامبەریان بە چی تۆمەتبار دەکەن. ئێمە گرنگی بە بەرپرسیاریەتی دەدەین و من سەرۆکی وڵاتێكم بەرپرسیارییەتی هەڵدەگرێت. من باوکی دوو منداڵم، نە چەکی کیمیایی و نە هیچ چەکێكی کۆمەڵکوژ لەسەر خاکی ئێمە پەرەی پێنەدراوە. هەموو جیهان ئەوە دەزانێت و ئێوەش ئەوە دەزانن و ئەگەر بتانەوێت بەو جۆرە چەکانە هێرشمان بکەنە سەر، رووبەڕووی تووندترین سزای ئابووری دەبنەوە."
مۆسکۆ سوورە لەسەر قسەکانی و داوای لە ئەمریکا کردووە لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی نیگەرانییەکانی بداتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای مۆسکۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر دروستکردنی چەکی بایۆلۆجی لە ئۆکراینا ئەنجامبدات.
بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەمڕۆ کاژێر 19:00 بە کاتی هەولێر بەڕێوەبچێت.
وڵاتانی رۆژئاوا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە رووسیا دەیەوێت "فێڵێک" بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لەڕێگەی تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و دژبەرەکانی بە پەرەپێدانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی، "زەمینە بۆ ئەگەری بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو لەلایەن خۆیەوە خۆش بکات."
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر رووسیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە شەڕی نێوخۆی سووریادا تۆمەتبارکرا و تاوەکو ئێستا دۆسیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ