رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێشبینییەکان، رۆژی 08-04-2024 خۆرگیرانی تەواوەتی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار خولەک لە ئەمریکا و دەورووبەری روودەدات. زانایانی زیندەوەرزانی دەیانەوێت لەو ماوەیەدا چاودێریی گۆڕانی هەڵسوکەوتی چەند ئاژەڵێک بکەن.
توێژەران پێیان وایە کە دیاردەی خۆرگیران دەبێتە هۆی گۆڕانی هەڵسوکەوتی هەندێک لە ئاژەڵ و مێرووەکان.
ئەوان پشت بە چەند توێژینەوەیەکی ساڵی 2017 دەبەستن؛ ئەوکات لە کاتی خۆرگیرانە دوو خولەکییەکە کە بەشێکی ئەمریکای گرتەوە، چەند هەڵسوکەوتێکی نامۆیان بینی.
ئادەم هارتستۆن رۆز، توێژەر لە زانکۆی کارۆلاینای باکوور دەڵێت، "لە خۆرگیرانەکەی 2017 زۆربەی ئاژەڵەکان هەڵسوکەوتی نائاساییان کرد."
ئەو توێژەرە گوتی، "کیسەڵی جۆری گەڵاپەگۆس لە باخچەی ئاژەڵانی ریڤەربانک لە ئەمریکا، لە پێش خۆرگیرانەکە هیچیان نەدەکرد و ئاسایی بوون؛ بەڵام لەنێو خۆرگیرانەکەدا هەموویان بەیەکجار دەستیان بە زاوزێ کرد."
ئادەم دەڵێت، تا ئێستا هۆکاری ئەو گۆڕانە کتوپڕە دیارنییە.
پێشتر دەزگەی ناسای ئەمریکی بڵاویکردەوە کە رۆژی 8ـی نیسانی ئەم ساڵ خۆرگیرانی تەواوەتی بۆ ماوەی چوار خولەک و 28 چرکە روودەدات و هەریەک لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەکاتە شەوەزەنگ.
بۆ ئەم ساڵ چەند توێژەرێک دەچنە باخچەی ئاژەڵانی فۆرت وێرس لە تێکساسی ئەمریکا و دەیانەوێت لەو چوار خولەکە چاودێریی هەڵسوکەوتی ئاژەڵەکان بکەن.
لە هەمان ئەو باخچەیەی ئادەم هارتستۆن لە ئابی 2017 تێبینیی گۆڕانکاریی هەڵسوکەوتی ئاژەڵانی کردبوو، چەند مەیموونێکی جۆری سیامانگی بینی کە لەکاتی خۆرگیران بە تۆنێکی جیاواز و نائاسایی بانگی یەک دەکەن.
ئادەم دەڵێت، "بە شێوەیەکی ئاسایی سیامانگەکان لە بەیانیان بە تۆنێکی دیاریکراو بانگی یەک دەکەن."
ئەو توێژەرە ئەمریکییە هەروەها لە کاتی خۆرگیرانەکەی حەوت ساڵ لەمەوبەر چەند زەڕافەیەکی بینیبوو "بە پەشۆکاوییەوە وەکو ئەسپ رایانکردووە" و "چەند باڵندەیەکی فلامینگۆ لە دەوری بێچووەکانیان کۆبوونەتەوە."
ئەو خۆرگیرانەی بڕیارە لە مانگی 4ـی ئەم ساڵ رووبدات، یەکێکە لە درێژترین خۆرگیرانەکانی مێژوو.
دوایین درێژترین خۆرگیران لە ساڵی 1973 بوو، ئەفریقای گرتەوە و حەوت خولەکی خایاند. دیاردەی لەم شێوەیەش تاوەکو ساڵی 2150 رووناداتەوە.
بۆ مانگی نیسان، ئادەم هارتستۆن و چەند تیمێکی توێژەران لە چەند باخچەیەکی ئاژەڵانی هەریەک لە ویلایەتەکانی ئارکنساس و ئۆهایۆ ئامادە دەبن.
جێنیفەر سوورودا، زانای مێرووەکانە لە زانکۆی تێنەسی و یەکێکە لە تیمەکانی توێژینەوە لە هەڵسوکەوتی ئاژەڵان، گوتی، "لە خۆرگیرانەکە کاتێکی زۆر کەممان بەدەستەوەیە و ناتوانین توێژینەوەکە دووبارە بکەینەوە."
لە خۆرگیرانەکەی 2017دا، سوورودا چاودێریی چەند شانەیەکی هەنگی کرد و بینی "لەکاتی خۆرگیران هەنگەکان بە شێوەیەکی نائاسایی لە گەڕان بەدوای خواردن وەستان، لە کاتێکدا ئەوان لە شەواندا دەوەستن."
سوورودا لەبارەی ئەو هەڵسوکەوتەی هەنگەکان گوتی، "کێشەیەک لە ژینگەکەیان روویدا، هەنگەکان پشت بە تیشکی پۆلەرایزی خۆر دەبەستن بۆ گەڕان بەدوای خواردن، کە تیشکەکە نەما ئەوانیش وەستان."
زانایانی زیندەوەرزانی چەند ساڵێکی کەمە هەستیان بەو گۆڕانکارییە لە هەڵسوکەوتی ئاژەڵ و مێرووەکاندا کردووە و توێژینەوە لەسەریان هێشتا کەمە.
نەیت بیکفۆرد، توێژەری ئاژەڵان لە زانکۆی تەکنەلۆژیی ئۆریگن دەڵێت، "لەکاتی خۆرگیران داتامان کۆ کردووەتەوە کە باز و ئەسپی کێوی خێرایی جووڵە و ئاراستەی رۆیشتنیان کەمدەکەنەوە."
خۆرگیرانەکەی 2024، یەکەم خۆرگیرانی تەواوە لە 2017ـەوە کە بەشێکی ئەمریکا بە تەواوی بکاتە شەو.
44 ملیۆن کەس دەکەونە ئەو ناوچانەی ئەمریکای باکوور کە خۆرگیرانی تەواو دەیگرێتەوە. تەنیا لە ئەمریکا خەڵكی 15 ویلایەت شایەتی دیاردەکە دەبن کاتێک مانگ بە رێکی دەچێتە سەر هێڵی نێوان خۆر و زەوی.
ئاندرو فرانسوێرس لە زانکۆی کۆرنێڵ گوتی، "زۆربەی باڵندەکان لە شەواندا کۆچ دەکەن، با ببینین و بزانین ئەو باڵندانە لە کاتی خۆرگیرانەکە لێیان تێکدەچێت و دەست بە کۆچ دەکەن؟ ئایا کاژێری بایۆلۆجییان تێکدەچێت؟"
ئاندرو بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی توێژینەوەی دروستکردووە و لە رێگەی راداری کەشوهەواوە چاودێریی جووڵەی باڵندەکان دەکەن.
جگە لە ئاژەڵە کێوییەکان و ئەوانەی لە باخچەی ئاژەڵاندان، توێژەران باس لەوە دەکەن ئاژەڵە ماڵییەکانیش هەڵسوکەوتیان تێکدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ