رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین داوا لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، داوا دەکات، "لە زووترین کاتدا" ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا بەدیبێت.
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی چین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " لایەنی چینی گرنگییەکی زۆر بە دۆخی سووریا دەدات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رێز لە پڕەنسیپی گشتگیری بگرن و پابەند بن."
هاوکات، داواش لە لەیەنەکان دەکات "پلانێکی ئاوەدانکردنەوە بدۆزنەوە کە لە رێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ ئیرادەی گەلی سووریادا بگونجێت و لە زووترین کاتدا ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا بەدیبهێنن."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ