رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، بە ئێرانیان گوتووە نابێت گرژییەکان زیادبن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا بەشێک نەبووە لە هێرشەکەی دیمەشق و زانیاریشی لەبارەی نەبووە".
رۆژی پێنجشەممە، 11-04-2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "بە ئێرانمان گوتووە، نابێت گرژییەکان بەهیچ جۆرێک لە ناوچەکەدا زیادبن".
میڵەر رایگەیاند، "ئێران بانگەشەی بێ بنەمای کردووە کە ئەمریکا بەشێک بووە لە هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق؛ ئەوە راست نییە؛ ئێمە بەشێک نەبووین لەو هێرشە و زانیاریشمان لەبارەی نەبووە."
سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی، نابێت ئەو گوتە بێبنەمایانەی کە گوایە واشنتن زانیاری لەبارەی هێرشەکەی دیمەشق هەبووە و تێیدا بەشدار بووە، ئێرانییەکان وەک پاساو بەکاریان بێنن بۆ هێرشکردنە "سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەوانەش لە عێراق، هەروکو چۆن لە چەند مانگ و ساڵی رابردوودا بینیمان هێزە بەوەکالەتەکانی ئەو کارانەیان کردووە."
رۆژی 01-04-2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و تێیدا حەوت کەس کە دووانیان فەرماندە بوون و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی بوون، کوژران.
حکومەتی ئێران تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل تۆمەتەکەی پشتڕاستنەکردەوە و رەتیشی نەکردەوە.
رۆژی چوارشەممە 10-04-2024، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکدا لە بەردەم دەیان هەزار ئامادەبووی شاری تاران گوتی، "نەفرەتی خودا لە رژێمی زایۆنی، دەبێت ئەوان تەمبێ بکرێن".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتیی "پۆڵایین"ی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتی، "هەروەک بە نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانم گوت، پابەندبوونی ئێمە بۆ ئاسایشی ئیسرائیلەوە دژی ئەم هەڕەشانەی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایینە. دووبارەی دەکەینەوە، پۆڵایینە. ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل."
ماتیو میڵەر ئەوەشی خستەڕوو، "ئەنتۆنی بلینکن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی چین، تورکیا، سعودیە و چەند وڵاتێکی ئەورووپی کردووە کە کاریگەریی خۆیان بەکاربێنن و داوا لە ئێران بکەن گرژییەکان زیاد نەکات".
میڵەر باسی کرد، "وەزیری دەرەوەمان روونیکردووەتەوە کە زیادبوونی گرژییەکان لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە."
ئیسرائیل رایگەیاندووە کە خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکەن.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی بنکەی ئاسمانیی تێل نۆفی لە رۆژئاوای ئیسرائیل کرد کە فڕۆکەی ئێف-15 لەخۆ دەگرێت و قسەی بۆ چەند فڕۆکەوان و سەربازێکی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی کرد.
نەتەنیاهوو گوتی، "بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕین.کار لەسەر بنەمایەکی سادە دەکەین؛ هەرکەسێک ئازارمان بدات، ئازاری دەدەین. خۆمان بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئیسرائیل ئامادە دەکەین لە رووی بەرگری و هێرشکردنەوە".
بەگوێرەی رادیۆی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، "سەربازانی سوپای ئیسرائیل چەند رۆژێکە لە بنکەی سایپرۆت لە باشووری قوبرس خەریکی راهێنانن لەسەر هێرش و چەکی دوورمەودا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ