چۆن 'ئەژدیهای گورجوگۆڵ'ـی چینی لە جەنگی پاکستان - هیندستان پشکی رافالی فەرەنسی دابەزاند؟

11-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی رافالی سوپای هیندستانیان خستووەتە خوارەوە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای داسۆ ئەڤیاسیۆی فەرەنسی کە بەرهەمهێنەری فڕۆکەکەیە دابەزی. 
 
لە بازاڕی پشکەکانی پاریس، پێنوێنی کۆمپانیای داسۆ ئەڤیاسیۆ لە پارەوە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدابوو، بە جۆرێک 60٪ نرخەکەی زیادببوو، بەڵام بەراورد بە پێنج رۆژ لەمەوبەر، واتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێکشکانی ژمارەیەک لە فڕۆکەکانی، پێنوێنەکەی 4.9٪ دابەزیوە. 
 
پێشهاتەکە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر توانای ئەو فڕۆکە جەنگییە فەرەنسییانە لە گۆڕەپانی جەنگی هاوچەرخ و داهاتوودا. 
 
7ی ئایار، هیندستان لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنی سیندوور، هێرشی کردە سەر چەند شوێنێکی پاکستان کە بە گوتەی خۆی، "پێگەی تیرۆرستان"ـی بۆردوومانکرد. 
 
بەشێک لەو فڕۆکانەی بەکاریهێنان، لە جۆری رافال بوون کە بە مووشەکی جۆری (SCALP)  و (AASM) چەکدار کرابوون. 
 
لە وەڵامدا، پاکستان رایگەیاند، لانیکەم پێنج فڕۆکەی جەنگیی هیندستانی خستووەتە خوارەوە کە سێ لەوانە رافال بوون. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەوەی کە نیگەرانیی بەرپرسانی فەرەنسی و رۆژئاوایی زیاتر کردووە، ئەوەیe ئەو فڕۆکانە کە وەک هێمایەکی باڵادەستیی رۆژئاواییەکان لە بواری هێزی ئاسمانی سەیردەکرێت، بە فڕۆکەی جەنگیی چینی تێکشکێندراون. 
 
بە گوتەی بەرپرسانی پاکستان، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی J-10Cـی چینی کە بە "ئەژدیهای گورجوگۆڵ" دەناسرێت، رافالەکانیان تێکشکاندووە. 
 
وێڕای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی هیندستان دانی بە زیانەکاندا نەناوە، وێنەی پاشماوەی تێکشکاوی فڕۆکەی رافال لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە. بەرپرسانی فەرەنسیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە لانیکەم فڕۆکەیەکی رافال تێکشکاوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە. 
 
ئەو ئاستە بەرزەی کە دەگوترێت "ئەژدیهای گورجوگۆڵ" هەیەتی، بووەتە جێی سەرنجی رۆژئاواییەکان. شارەزایانی بواری فڕۆکەوانیی جەنگی پێیانوایە سیستمی پێشکەوتووی فڕین، جووڵە و مووشەک، هۆکاری باڵادەستبوونی فڕۆکە چینییەکەن. 
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، پاکستان پەنای بۆ فڕۆکەی ئێف شازدەی دروستکراوی ئەمریکی نەبردووە. 
 
ئاژانسەکە هەروەها باس لەوە دەکات، ئەم سەرکەوتنەی "ئەژدیهای گورجوگۆڵ" لە بەرامبەر رکابەرێکی رۆژئاوایی وایکردووە کە بەرپرسانی واشنتن "لە نزیکەوە" چاودێریی ئاستبەرزیی فڕۆکە جەنگییە چینییەکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن لە ئەگەری دروستبوونی ململانێ لەسەر دوورگەی تایوان یان ناوچەی زەریای هیندی و هێمن، دەستی پەکین تا کوێ دەڕوات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا