رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆی بۆ قبووڵکردنی دیارییەکی زۆر گرانبەها ئامادە دەکات. دیارییەکە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 747-8ـە کە پێی دەگوترێت "کۆشکی فڕیو".
دیارییەکە لەلایەن خێزانی شاهانەی قەتەرەوە پێشکێش بە ترەمپ کراوە و بڕیارە وەکو جێگرەوەیەک بۆ فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەکاربهێنرێت. لەلایەکی دیکە بەپێی دەستوور ترەمپ ناتوانێت دیاری لە هیچ وڵاتێک وەربگرێت، بەڵام پارێزەرەکانی دەڵێن "یاساییە".
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو دیارییەکە رابگەیێندرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ترەمپ بۆ سێ وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە قەتەر یەکێکیانە.
بەگوتەی چەند سەرچاوەیەک کە ئاگاداری بابەتەکەن، لە مانگی شوبات فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی وێست پام بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا نیشتەوە و ترەمپ لە نزیکەوە بینی.
ئەگەر ترەمپ ئەو دیارییە قبووڵ بکات، پرسیاری زۆر لەسەر یاساییبوونی ئەو بڕیارە دروست دەبن. بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا و بە دیاریکراوی بڕگەی پەیوەندیدار بە (وەرگرتنی دیاری و پاداشت) مادەی یەکەم، بەشی نۆیەم، بڕگەی یەکەم؛ "سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت دیاری، پاداشت و ناسناو لە هیچ وڵاتێکی بیانی وەربگرێت."
بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، پارێزەرانی کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا شرۆڤەیەکیان بۆ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ناردووە و پێیان راگەیاندووە: "یاساییە ئەگەر وەزارەتی بەرگری سەرەتا دیارییەکە قبووڵ بکات، ئینجا پێشکێشی کۆمەڵەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی بکات و ببێتە فڕۆکە شاهانەکەی ترەمپ. بەمجۆرە هیچ یاسایەک پێشێل ناکرێت و ئەمە ناچێتە چوارچێوەی قبووڵکردنی بەرتیل یان شکاندنی یاسای دەستووری."
سەرچاوەکان هەروەها گوتوویانە: "پام بۆندی، داواکاری گشتی و دەیڤد وارینگتن، پارێزەری ترەمپ گوتوویانە قبووڵکردنی ئەو دیارییە یاساییە، بەو مەرجەی پێش ئەوەی خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ تەواو بێت، فڕۆکەکە بخرێتە سەر نووسینگەی سەرۆکایەتی. داواکاری گشتیی ئەمریکا پێیوایە چونکە فڕۆکەکە بۆ خودی ترەمپ نییە، بۆیە بە بەرتیل و دیاری وەرگرتن هەژمار ناکرێت."
بڕیارە سەرەتا وەزارەتی بەرگری فڕۆکەکە وەربگرێت و بەگوێرەی پێوەرەکانی سەرۆکایەتی هەندێک گۆڕانکاری تێدابکات، ئینجا لە 01-01-2029 دەخرێتە سەر نووسینگەی سەرۆکایەتی.
شارەزایان پێشبینی دەکەن فڕۆکەکە بایی 400 ملیۆن دۆلار بێت، ئەمە جگە لەو گۆڕانکارییانەی کە وەزارەتی بەرگری بۆ تۆکمەترکردنی دەیکات، کە پارەی زیاتری پێویستە.
فڕۆکەی ئێستای ترەمپ کە پێی دەگوترێت ئێیەر فۆرس وەن، لە جۆری بۆینگ 747-200ـە و دروستکراوی ساڵی 1990ـە، ئیدارەی ئەمریکا چەندین جار هەوڵیانداوە بیگۆڕن، بەڵام بەهۆی دواخستن و چەند کێشەیەکی تەکنیکیی دیکەوە نەیانتوانیوە.
یەکەمین گرێبەستی گۆڕینی ئێیەر فۆرس وەن لە ساڵی 2018 لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگ واژۆکرا، بەڵام بۆینگ پێی وانییە تاوەکو 2029 بتوانێت تەواوی بکات، ئەمەش واتا دوای تەواوبوونی سەرۆکایەتیی ترەمپ. ئەو هەموو دواخستنە ترەمپ پەست کرد و داوای لە ئیلۆن مەسکی ملیاردێر کرد یارمەتیی خێراکردنی کارەکان بدات، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکان، کارەکەی مەسکیش تاوەکو 2027 دەخایەنێت، "بۆیە ترەمپ ئەم ساڵ فڕۆکەیەکی نوێی دەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ