راپۆرتێک: لە دوو رۆژی یەکەمی حکومەتی نوێی ئەڵمانیادا 286 کۆچبەر لەسەر سنوور گەڕێندراونەتەوە

11-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەڵمانیا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە دوو رۆژی یەکەمی ئەم کابینەیەی حکومەتی ئەڵمانیادا 286 کۆچبەر لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەیانەوە گەڕێندراونەتەوە. دەشڵێن، سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی پار دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران زیادی کردووە. 

رۆژی یەکشەممە، 11ی ئایاری 2025، رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی ئاماری ئەو کۆچبەرانەی بڵاوکردەوە کە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ویستبوویان بچنە ئەو وڵاتە. ئامارەکان لە حکومەتی وڵاتەکەوە وەرگیرابوون. 
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانە، لەو دوو رۆژەدا، 365 کەسی بێ بەڵگەنامە ویستیان بچنە ئەڵمانیا کە 286یان کۆچبەر بوون و لەسەر سنووری گەڕێندرانەوە، لەو ژمارەیە 19یان لەسەر سنوور داوای مافی پەنابەرییان کرد و داواکەیان رەتکرایەوە. 
 
لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەری و رێگری لە چوونی ئەو کۆچبەرانە بۆ نێو ئەڵمانیا، میدیای وڵاتەکە دەڵێت، هۆکارەکە نەبوونی ڤیزایەکی راستەقینە، بەڵگەنامەی ساختە و هەبوونی رێگری بوو لەسەر چوونیان بۆ نێو ئەڵمانیا. 
 
لە دوو رۆژی یەکەمی کابینەکەدا پۆلیسی ئەڵمانیا لەسەر سنوورەکانیان 14 قاچاخچییان دەستگیرکرد، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ 48یان دەرکرد و نۆ کەسیشیان بە تۆمەتی تووندڕۆیی دەستگیرکرد. 
 
حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بە هاوپەیمانیەتی کریستیانەکان و پارتی سۆسیال دیموکرات دروستکرا کە لەژێر گوشارێکی زۆری پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەر دایە. جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بەرە بەرە دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا زیاد دەکات کە دژایەتی کۆچبەران دیارترین هۆکاریەتی. 
 
چوارشەممەی رابردوو، ئەلیکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بۆ یەکەم جار پەناخوازان لەسەر سنوورەکانەوە دیپۆرتدەکەنەوە تەنیا منداڵ، ژنی دووگیان و نیڤشکان نەبێت. 
 
تووندکردنی سنوورەکان دژی کۆچبەران ناڕەزایەتیی بەشێکی ئەڵمانەکانیشی لێکەوتووەتەوە. مارسل ئیمریش، پسپۆڕی سیاسەتی ناوخۆ لە پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەی پێچەوانەی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپایە و دەبێتە هۆی دروستکردنی بێسەروبەری لەسەر سنوورەکان. 
 
هەروەها، بە گوێرەی دوایین راپرسییەکانی میدیای ئەڵمانیا، دوو لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکە پاڵپشتی تووندکردنی دەستبەجێ و بەردەوامی سنوورەکانی وڵاتەکەیان دژی کۆچبەران دەکەن. 
 
رێکارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە ئەمساڵ داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە کەمیکردووە. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی ئەڵمانیا، سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 37 هەزار و 387 کەس داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کرد کە 46٪ی لە هەمان ماوەی پار کەمترە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە