نیکۆلا ستێرجن لە 'شاژنی سکۆتەکانەوە' بۆ گومانلێکراوی تاوانی دارایی

11-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لە سەرپێچیی دارایی، نیکۆلا ستێرجن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سکۆتلاند کە سەردەمێک وەکو شاژنی سکۆتلەندا ناو دەبرا، دەستگیرکرا و دوای چەند کاژێرێک ئازادکرا. 
 
نیکۆلا ستێرجنی تەمەن 52 ساڵ، دوای هەشت ساڵ لە سەرکردایەتیکردنی سکۆتلاند، ئەمساڵی خۆی بەو بەڵێنە دەستپێکرد کە گوایە "زۆری لە هەگبەدایە" بۆ وڵاتەکەی، بەڵام زۆری نەبرد، وازی لە کارەکەی هێنا. 

دەستگیرکردنی ستێرجن لە رۆژی یەکشەممە، وەک بەربوونەوەیە لە بەرزاییەک بۆ ئەو ژنەی کە رۆژێک لە رۆژان بە "شاژنی سکۆتەکان" دەناسرا. دوای ئازادکردنی، ستێرجن گوتی: "من هیچ سەرپێچیێکم نەکردووە."
 
ستێرجن بووە سێیەم کەس لەو لێکۆڵینەوەیەدا دەستگیربکرێت. لێکۆڵینەوەکە سیستمی سیاسیی سکۆتلاندی هێناوەتە لەرزین، لە کاتێکدا کە پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند (SNP) ماوەیەکی درێژە لە سیاسەتی وڵاتەکەی نێو شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەستی باڵای هەیە. 
 
پۆلیسی سکۆتلاند لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "پەیوەست بە لێکۆڵینەوە لە پارەدارکردن و سەرچاوە داراییەکانی پارتی نیشتمان، ژنێکی تەمەن 52 ساڵ ئەمڕۆ وەکو تۆمەتبارێک دەستگیرکرا."
 
گوتەبێژێکی خانمە سیاسەتڤانەکە باسی لەوە کردووە، ستێرجن بە ویستی خۆی چووە بۆ چاوپێکەوتنی پۆلیس. 
 
پۆلیس باس لەوە دەکات، ستێرجن دەستبەسەرکراوە و لەلایەن لێکۆڵەرەکانەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
پیتەر موورێل، هاوژینی ستێرجن و سەرۆکی پێشووی جێبەجێکاری پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند، مانگی نیسان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا دەستگیرکرا. ئەوکات، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی دوو هاوژینەکە لە گڵاسگۆ و لێکۆڵینەوەی لەنێو ماڵەکە و بارەگەی SNP لە ئێدنبەرە دەستپێکرد.
 
موورێل تۆمەتبارە بەوەی 600 هەزار پاوەند (750 هەزار دۆلاری ئەمریکی)ـی لەو یارمەتییانە بردووە کە خەڵک بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی سکۆتلاند بە پارتی SNP دابوو. هەروەها قەرزێکی بە بڕی 100 هەزار پاوەند بە پارتەکەی داوە بێ ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی لێ ئاگاداربکاتەوە. 
 
کۆلن بیتی، بەرپرسی گەنجینەی پارتەکەش مانگی نیسان دەستگیرکرا. 
 
ستێرجن دوایین جار لە مانگی ئادار وەکو سەرۆکوەزیران لە پەرلەمانی سکۆتلاند ئامادەبوو.
 
دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە سەرکردایەتیکردنی سکۆتلاند، مانگی شوبات رایگەیاندبوو کە "وزە"ـی نەماوە و ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە بڕیاریداوە دەست لە کارەکەی بەربدات، بەڵام لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە موورێل کە لە ساڵی 2010ـەوە ژیانی هاوژینیی لەگەڵیدا پێکهێناوە، بووەتە تارماییێک بەسەر سەری ستێرجنەوە. موورێل دوای ئەوەی کە بە هەڵە بە میدیای راگەیاند SNP 30 هەزار ئەندامی لەدەستداوە، مانگی ئادار دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکە بوو.
 
ئاشکراکردنەکە دوای ئەوە هات کە پارتەکە هەڵبژاردنی ئەنجامدا بۆ ئەوەی ستێرجن لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکە و سەرۆکایەتیی وەزیرانی سکۆتلاند دووربخەنەوە کە هەمزە یوسف هەڵبژاردنەکەی بردەوە و شوێنی ئەوی گرتەوە. 
 
یوسف رەتیکردووەتەوە؛ ستێرجن لەبەرئەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بووبێت کە زانیبووبێتی پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات. 
 
دوای ئەوەی کە موورێل دەستگیرکرا، یوسف گوتی: "ئەوە روونە کە ئەم شتە باش نییە، پێموایە چەند زووتر بگەینە ئەنجامێک لەم لێکۆڵینەوەیەی پۆلیسدا، باشتر دەبێت. من خۆم یەکێک بوومە لەو کەسانەی خاوەن بەرپرسیاریەتین لەنێو پارتەکەدا، بەڵام رۆڵی داراییم نەبووە."
 
یوسف هەروەها گوتبووی، دەستگیرکردنی بیتی "بابەتێکی زۆر هەستیارە،" بەڵام ئاماژەی بەوەشکردبوو کە هێشتا لە پارتەکە دەرنەکراوە، چونکە "خەڵک بێتاوانە تا تاوانەکەیان دەسەلمێنرێت."
 
ئەم کێشەیە پارتی SNP خزاندووەتە نێو قەیرانێکی گەورە و زیانی بە خەونی سەربەخۆیی سکۆتلاند گەیاندووە. 
 
راپرسییەکانی ئەم دواییە پێشانی دەدەن کە نزیکەی 45٪ـی سکۆتلاندییەکان پشتیوانی لە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن کە هێندەی هەمان کەمینەی گشتپرسییەکەی ساڵی 2014یە، لەندەنیش دەڵێت، ئەو گشتپرسییە بڕیاری کۆتایی نەوەی ئێستای سکۆتلاند بوو و رێگە بە گشتپرسیی دیکە ناداتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە