رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی رووسیا رایدەگەیێنن، سوپای وڵاتەکەیان دوو گوندی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە.
رۆژی سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024 وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان هەردوو گوندی تیمکۆڤکا و میاسۆزاریڤکایان لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە.
گوندی تیمکۆڤکا دەکەوێتە دەورووبەری شاری کوپیانسک لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی خارکیڤ. گوندی میاسۆزاریڤکاش دەکەوێتە باکووری شاری خارکیڤ لە هەرێمی دۆنباس.
دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، گوندێکیان لە باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی دۆنێتسک لە ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە.
رۆژی 6ی مانگ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەکاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی ئابووری لە شاری سەینت پیتەرسبۆرگ گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە رووسیا 47 گوند و شارۆچکەی لە ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە.
رۆژی یەکشەممە جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەوپێشچوونەکانی رووسیا لە هەرێمی خارکیڤ بە تەواوەتی کەمبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا سوپای ئۆکراینای دەستکراوە کرد بە چەکی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر خاکی رووسیا.
سوپای رووسیا دەیەوێت دەرفەتی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا بقۆزێتەوە، بۆئەوەی لە هەردوو بەری رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە پێشڕەوی بکات.
بەرپرسە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، پێویستیان بە 450 هەزار سەربازی دیکەیە بۆئەوەی بتوانن بەردەوامی بە جەنگەکە بدەن.
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد. وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بە خۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
لە نیسانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا لە شوباتی 2022یەوە، 31 هەزار سەربازیان کوژراون، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمریکا رایگەیاندووە، نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ