رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بەراورد بە چەند مانگێک لەمەوبەر متمانەی کەمترە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا نازانێت ئایا ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبێت یان نا.
رۆژی چوارشەممە، 11ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئیدارەکەی لەگەڵ ئێران کرد و دووپاتیکردەوە کە رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دوای نزیکەی دوو مانگ و پێنج گەڕ لە دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیف ویتکۆف، هێشتا ئاستەنگی گەورە لەنێوان هەردوو وڵات ماون. دیارترینیان پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمە کە ئەمریکا دەڵێت، دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆمەکە لە دەرەوەی ئێران بێت و تارانیش رایگەیاندووە ئەو هەنگاوە "هێڵی سوورە."
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا پێی وایە دەتوانێت ئێران رازی بکات واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت، ترەمپ گوتی: "نازانم؛ نازانم؛ پێم وابوو، بەڵام متمانەم پێی کەمتر دەبێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "وا دەردەکەوێت ئەوان کات دەکوژن و پێم وایە ئەوەش جێگەی نیگەرانییە. ئێستا متمانەم کەمترە بەراورد بە دوو مانگ لەمەوبەر. شتێکیان بەسەر هاتووە. بەڵام زۆر کەمتر متمانەم هەیە بەوەی رێککەوتنێک بکرێت."
ترەمپ جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە "بە رێککەوتن یان بێ رێککەوتن، هەرگیز رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی لەنێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچن و ئێرانیش دەڵێ، پێشنیازێک بۆ رێککەوتن دەدەنە ئەمریکا.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران گوتی، ئەگەر دانوستاندنە ئەتۆمییەکان شکستبهێنن و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا رووبدات، ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ