هاونیشتمانییەکی رزگاربووی تەقەکردنەکەی نەمسا: خودا فریامان کەوت

11-06-2025
پەیمان محەممەد
ئەو خوێندکارە کوردەی رزگاربووە، قسە بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
ئەو خوێندکارە کوردەی رزگاربووە، قسە بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوەکان لەسەر تەقەکردنەکەی نێو قوتابخانەکەی نەمسا بەردەوامن. خوێندکارێکی کورد کە لە رووداوەکە رزگاری بووە دەڵێت: ''سەرەتا پێمان وابوو تەقەکار گاڵتە دەکات، ئەوەش کاتێک دەمانچەی بە دەستەوە گرتبوو.''
 
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025 لە قوتابخانەیەکی شاری گرازی نەمسا روویدا. شیرین حەسەن کە هاونیشتمانییەکی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و لە گراز دەژی، یەکێک لە رزگاربووانی رووداوەکەیە و قسەی بۆ زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
 
شیرین حەسەن گوتی: ''کاژێر 08:40 خولەک چووینە قوتابخانە، یەکەم وانەمان کیمیا بوو و لە تاقیگە بووین، دواتر 09:40 خولەک بەرەو ژوورەکانی خوێندن بەڕێکەوتینەوە. لە هۆڵێکی نهۆمی سێ، کوڕێکمان بینی کە باڵای 170 سانتیمەتر دەبوو و دوو چەکی پێبوو؛ دەمانچەیەک و چەکێکی ئۆتۆماتیکی.''
 
ئەو خوێندکارە کوردە گوتی، کوڕەکە رووی دەمانچەکەی دەستی کردە سەری ئەو و دوو لە هاوڕێکانی و ''پێمان وابوو گاڵتە دەکات؛ بۆیە هەرسێکمان پێکەنین. دواتر هەوڵی دا تەقە بکات، بەڵام نەتەقی و ئێمە دووبارە پێکەنین، ئەویش چەکە ئۆتۆماتیکییەکەی بەدەستەوە گرت.''
 
بەگوتەی شیرین حەسەن، دواتر بەرەو ژووری خوێندنی خۆیان رۆیشتوون و کاتێک یەکەم تەقەیان بیستووە، ''پێمان وابوو شتێک تەقیوە، بەڵام دواتر تەقەکردن بەردەوام بوو و زانیمان شتێکی جیدی روویداوە''.
 
 
ئەو خوێندکارە کوردە دەڵێت: ''بەردەوام دەنگی تەقە دەهات و هاوارمان دەکرد. قوتابییان دەرگەی ژوورەکانی خوێندنیان داخست. ئێمەش 14 کەس بووین لە ژوورەکەی خۆمان کەوتینە سەر زەوی و دەستمان بە سەرمانەوە گرت.''
 
ژووری خوێندنی ئەو هاونیشتمانییە لە نهۆمی سێی قوتابخانەکە بووە و گوتی، دوای تەقەیەکی زۆر لە نهۆمی سێ، تەقەکارەکە چووەتە نێو ژوورێکی خوێندن لە نهۆمی دوو و چوار قوتابی کوشتوون.
 
پاشان تەقەکارەکە چووەتەوە نهۆمی سێ و خۆی بە ژوورێکی خوێندنی دیکەدا کردووە. شیرین حەسەن گوتی: ''ئەو ژوورە لە تەنیشت ژووری خوێندنی ئێمە بوو، لەوێش ژمارەیەک قوتابی کوژران.''
 
ئەو کەسەی تەقەی کردووە، خۆی کەسێکی گۆشەگیر بووە بە ناوی ئارتور، تەمەن 22 ساڵ. پێشتر قوتابی هەمان قوتابخانە بووە، هیچ هاوڕێیەکی نەبووە و لەگەڵ دایکی ژیاوە. 
 
دەگوترێت بەر لەوەی ئەو تاوانە ئەنجام بدات، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ دایکی ناردووە و پێی گوتووە کە ''تۆڵە لەم کۆمەڵگەیە دەستێنێت''.
 
شیرین حەسەن رزگاربوونی خۆی بە ''موعجیزە'' دەزانێت و دەڵێت: ''خوداش ئێمەی خۆش دەوێ و فریامان کەوت کە نزامان دەکرد. دوای ئەوەی کە رزگارمان بوو، تەلەفۆنم بۆ دایکم کرد، نەمدەزانی بگریم یان پێبکەنم.''
 
فریتز گروندنیگ، گوتەبێژی پۆلیس، بە میدیا نێوخۆییەکانی راگەیاند، جگە لە 10 کوژراو، ژمارەیەک قوتابی و مامۆستا بە سەختی بریندار بوون؛ دەشڵێت، هێرشکارەکە یەکێک بووە لە کوژراوەکان و بە ئەگەری زۆرەوە خۆی کوشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە