ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا تەرمی 1212 سەربازی رادەست کردوونەتەوە

11-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئۆکراینا رایدەگەیێنن، رووسیا تەرمی 1212 سەربازی رادەست کردوون. ئەوەش وەکو بەشێک لەو رێککەوتنەی کە هەردوولا هەفتەی رابردوو لە ئیستەنبووڵ لەسەری رێککەوتن.
 
سەرەڕای ئەوەی دوو گەڕی گفتوگۆکان کە لە ئیستەنبووڵ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا بەڕێوەچوو، هەردوولا نەیانتوانی پێشکەوتنێکی بەرچاو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەدەستبهێنن. رێککەوتن بۆ ئازادکردنی دیلەکان و گەڕاندنەوەی تەرمی سەربازە کوژراوەکان، تەنیا دەستکەوتی گفتوگۆکان بوون.
 
حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، ئەوانەی رادەستکراونەتەوە تەرمی ئەو سەربازانە بوون کە لە هەرێمەکانی خارکیڤ، لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن کوژراون، هەروەها ئەوانەش کە لە کاتی هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر هەرێمی کورسکی رووسیا گیانیان لەدەستداوە.
 
ئۆکراینا دەڵێت، کار دەکەن بۆئەوەی لە "زووترین کاتدا ناسنامەی ئەو سەربازانە دیاری بکەن کە گیانیان لەدەستداوە."
 
مۆسکۆ پێشتر چەندین جار کیێڤی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە نایەوێت تەرمی سەربازە کوژراوەکانی وەربگرێتەوە.
 
رووسیا رایگەیاندبوو، هەفتەی رابردوو رەزامەندیی دەربڕیوە بە شێوەیەکی تاکلایەنە رووفاتی 6,000 سەربازی کوژراوی ئۆکراینیی رادەست بکات، بەڵام کیێڤ گوتی، پرۆسەکە "ئاڵوگۆڕکردن" دەبێت.
 
هەروەها هەردوولا لەسەر ئاڵوگۆڕێکی بەرفراوانی دیلەکان رێککەوتن، کە قۆناخەکانی یەکەمی لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا تەواو بوون.
 
رووسیا داواکارییەکانی بۆ ئاگربەستێکی بێمەرج رەتکردووەتەوە و داوای ئەوە دەکات کە ئۆکراینا دەستبەرداری بەشێکی زۆری خاکەکەی و هەوڵەکانی بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ ببێت ئەگەر ئاشتیی دەوێت.
 
هاوکات مۆسکۆ بەردەوامە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا.
 
دوایین هێرش، بەیانیی زووی رۆژی چوارشەممە، بووە هۆی کوژرانی سێ کەس لە شاری خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. ئۆکرایناش بە هێرشی درۆنی وەڵامی رووسیای داوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە