رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کۆسۆڤۆ دەڵێت، بە داواکارییەکەی ئەمریکا رازی بوون و ئامادەن ژمارەیەک لەو پەناخوازانە وەربگرن کە لەلایەن واشنتنەوە دیپۆرت دەکرێنەوە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، ئەلبین کورتی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری کۆسۆڤۆ، دوای کۆبوونەوەیەکی کابینەکەی رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی رازی بووە ژمارەیەک لەو پەناخوازانە وەربگرێت کە لەلایەن ئەمریکاوە دیپۆرت دەکرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسی: "بەپێی ئەو بڕیارە، وڵاتەکەمان لە ماوەی ساڵێکدا لانیکەم 50 کەس وەردەگرێت و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکات، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەلامەتانە بۆ وڵاتانی بنەڕەتیی خۆیان."
کورتی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ داواکاریی ئیدارەی ترەمپ تایبەت بە وەرگرتنی ئەو پەناخوازانە بەشێوەیەکی کاتی.
لەبارەی ئەو بڕیارەوە، باڵیۆزخانەی کۆسۆڤۆ لە واشنتن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەوانەی لەلایەن وڵاتەکەیانەوە وەردەگیرێن دەبێت هەندێک لەو مەرجانە بیانگرێتەوە کە لەلایەن حکومەتی کۆسۆڤۆوە بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دراون و مەرجەکانیش پەیوەستن بە سەروەریی یاساوە.
لەساڵی 2021دا کۆسۆڤۆ رێککەوتنێکی لەگەڵ دانیمارک بەبەهای 200 ملیۆن یۆرۆ بەرامبەر وەرگرتنی 300 پەناخوازی تاوانبار لە دانیمارک واژۆکرد تاوەکو ماوەی زیندانیکردنیان لە کۆسۆڤۆ تەواو بکەن و دواتریش دیپۆرتی وڵاتی خۆیان بکرێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ