رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ چین تەواوبوو و لەسەر ئەو بنچینەیەش پەکین موگناتیس و کانزای دەگمەن دەنێرێ و لە بەرامبەردا واشنتن رێگە بە خوێندکارانی چین دەدات لە زانکۆکانی ئەمریکا بخوێنن.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە 11-06-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی: "ئێمە 55٪ـی پێناسە گومرگییەکان وەردەگرین؛ چین 10٪ وەردەگرێت. پەیوەندییەکە نایابە."
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەمریکا 55٪ پێناسی گومرگی دەخاتە سەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین. لە بەرامبەردا چین 10٪ پێناس دەخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی لە ئەمریکاوە بۆ وڵاتەکەی هەناردە دەکرێن.
ترەمپ گوتی، رێککەوتنەکە پێویستی بە رەزامەندیی کۆتایی خۆی و شی جینپینگ، سەرۆکی چینە.
ترەمپ گوتیشی: "موگناتیس و کانزای دەگمەنی پێویست لەلایەن چینەوە دابین دەکرێ. ئێمەش ئەوەی لەسەری رێککەوتووین پێشکێشی چینی دەکەین، لەوانەش رێگەدان بە خوێندکارانی چین بۆ ئەوەی لە کۆلێژ و زانکۆکانمان بخوێنن کە هەمیشە لام باش بووە."
شاندەکانی ئەمریکا و چین لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە چین گفتوگۆیان بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوانیان کرد. هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، چوارچێوەی رێککەوتنەکە تەواوکەری ئەو رێککەوتنەیە مانگی رابردوو لە جنێڤ کرا.
بەهۆی سنووردارکردنی هەناردەی کانزا دەگمەن و ستراتیژییەکانی چین بۆ ئەمریکا، رێککەوتنەکەی جنێڤ پەکیکەوت. ئەوەش وایکرد، ئیدارەی ترەمپ بڕیار بدات کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێ.
سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی پێناسی گومرگی، بازاڕی جیهانییەکانی تووشی شڵەژان کرد، بووە هۆی قەرەباڵخی و سەرلێشێواوی لە بەندەرە سەرەکییەکان و کۆمپانیاکانیش بە بەهای دەیان ملیار دۆلار لە فرۆش و بەرزبوونەوەی تێچوودا زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ