وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پشتگیری لە پێدانی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەکەین

11-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ئیلیزابێز ستیکنی، گوتەبێژی عەرەبیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قسەی بۆ زنار شینۆ، نێردراوی رووداو کرد
ئیلیزابێز ستیکنی، گوتەبێژی عەرەبیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قسەی بۆ زنار شینۆ، نێردراوی رووداو کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، کاری لەپێشینەی حکومەتی ئەمریکا لە لووتکەی ناتۆ دڵنیاییدانە بەوەی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی وڵاتەکەی پشتیوانی لە پێدانی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەکات. 
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023، ئیلیزابێز ستیکنی، گوتەبێژی عەرەبیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری ڤیڵنیەس لە لیتوانیا لەبارەی لووتکەی ناتۆ و هاوکاریکردنی ئۆکراینا رایگەیاند، "کاری لەپێشێنەی حکومەتی ئەمریکا لەم لووتکەیەدا بریتییە لە بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا و بەهێزکردنی تواناکانی ئەو وڵاتە لە بەرگری و بەرپەرچدانەوە. لەم لووتکەیەدا پێشبینی پاکێجێکی نوێی بەهێز دەکەین لە پشتیوانی سیاسی و کردەیی بۆ ئۆکراینا."
 
ئیلیزابێز باسی لە ئەندامێتیی ئۆکراینا لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و جەختی لە گوتەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردەوە و گوتی، "پێشبینی دەکرێت لەم لووتکەیەدا رێچکەی ئۆکراینا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ لە داهاتوودا باس بکرێت، بەڵام سەرۆک بایدن زۆر روون بوو، کاتێک گوتی لەکاتی جەنگدا بەئەندامبوون روونادات، بەڵام لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ پەلەکردن لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا تا بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لە گۆڕەپانی جەنگدا."
 
بەگوتەی ئیلیزابێز، واشنتن پێشوازی لە بڕیارەکەی تورکیا لەبارەی بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆدا دەکات و ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانی لە پێدانی فڕۆکەی ئێف 16 بە ئەنقەرە دەکات و گوتی، "بۆچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێمە پشتیوانی لەوە دەکەین فڕۆکەی ئێف 16 بدرێتە تورکیا." 
 
بڕیاری پێدانی فڕۆکەی ئێف 16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا، دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، 10ی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئۆلف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە شاری ڤیڵنیەسی پایتەختی لیتوانیا کۆبوونەوە و ئەردۆغان رازی بوو داواکارییەکەی سوێد بخاتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی تاوەکو دەنگ لەسەر بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بدات.
 
تورکیا لە ئۆکتۆبەری 2021دا داوای کڕینی 40 فڕۆکەی جۆری ئێف 16ی لە ئەمریکا کردووە؛ لە کۆتایی ساڵی رابردوودا گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان هەردوولایەن لەو بوارەوە کۆتاییان هات. پەسندکردنی فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس هەیە، بەڵام پێناچێت دوای هەنگاوەکەی تورکیا بە ئاراستەی سوێد دەنگی ناڕەزایی زۆریش لەنێو کۆنگرێس لەو بارەوە هەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە