جیهان
وێنەی یەکەمین بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی، کە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی بەریتانیا، گەیشتە ئەو وڵاتە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 14 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز بە بەلەمی بچووک پەڕیونەتەوە بەریتانیا.
رۆژی چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند "هەمووان دەیانەوێت کۆتایی بەو گەشتە مەترسیدارەی پەڕینەوەی کۆچبەران بهێندرێت. کار بۆ ئەوەی دەکەین کۆتایی بەو باندانە بهێنین کە بەرپرسیارن لەو بازرگانییە."
ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە نۆکەندەکەوە پەڕیوەنەتەوە، 14 هەزار و 58 کەسە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 12 هەزار و 772 کەس پەڕیبوونەوە.
لەوەتەی کیەر ستامەر، لە رۆژی چواری ئەم مانگەوە بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەڵبژێردراوە، 484 کەس لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە بەریتانیا.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردوونەتەوە، ساڵی رابردوو 29 هەزار و 437 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی پێش ئەوە 36٪ کەمیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتبوونە ئەو وڵاتە.
حکومەتی پێشووی بەریتانیا بەمەبەستی ساردکردنەوەی کۆچبەران لە گرتنەبەری رێگەی مەترسیداری نۆکەندی ئینگلیز، کە ساڵانە سەدان کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا تێیدا دەخنکێن، بڕیاریدابوو کۆچبەرانی نایاسایی بنێرێت بۆ رواندا لە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا.
پلانەکە چەندین بەربەستی یاسایی لە بەریتانیا بۆ دروست بوو و تاوەکو ئێستاش تەنیا دوو کەس، ئەوانیش بە ویستی خۆیان، نێردراونەتە رواندا.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دوای دەستبەکاربوونی رۆژی شەممە رایگەیاند، پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە داندرابوو، "مردووە و نێژراوە و چیدیکە کاری پێناکرێت."
لەوەتەی بەریتانیا لە ساڵی 2020 لە یەکێتیی ئەورووپا چووەتە دەرەوە، پرسی کۆچبەران بووەتە مژارێکی گەرمی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ