رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رێگەی هاوپەیمانێتیی ناتۆوە چەک بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات. راشیگەیاند، رۆژی دووشەممە 14ی تەممووز، "پەیامێکی گرنگ"ی لەبارەی رووسیاوە دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا، لەگەڵ میدیای ئەمریکا جارێکی دیکەی ناڕەزایی خۆی بەرامبەر سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیێر پووتین، دەربڕی بەهۆی بەرەوپێشنەچوون لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە ئۆکراینا و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە شوباتی 2022دا هەڵگیرسا.
ترەمپ لەو هەڤپەیڤینەدا رایگەیاند، "پێموایە رۆژی دووشەممە لێدوانێکی گرنگم لەبارەی رووسیاوە دەبێت،" بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی لێدوانەکەی نەدا.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هاوئاهەنگییەکانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانانی ناتۆ بۆ ناردنی چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیادا، دەڵێت "ئێمە چەک بۆ ناتۆ دەنێرین و ناتۆش لەسەدا 100ی پارەی ئەو چەکانە دەدات. کەواتە ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە، ئەو چەکانەی دەنێردرێن بۆ ناتۆ دەچن و پاشان ناتۆ ئەو چەکانە دەداتە ئۆکرانیا و ناتۆ پارەی ئەو چەکانە دەدات. ئێمە چەک بۆ ناتۆ دەنێرین و ناتۆ تەواوی تێچووی ئەو چەکانە دابین دەکات."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، کە لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە بۆ یەکەمجار لە دوای گەڕانەوەی کۆشکی سپی، ترەمپ پلانی هەیە، دەسەڵاتی تایبەتی سەرۆکایەتی بەکاربهێنێت بۆ ناردنی چەک بۆ کیێڤ.
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، تیمی ترەمپ لە ژێر "دەسەڵاتی تایبەتی سەرۆکایەتییدا" چەکەکان لە کۆگاکانی ئەمریکا دیاری دەکەن تاوەکو بۆ ئۆکراینای بنێرن، ئەم دەسەڵاتەش رێگە بە سەرۆک دەدات لە کاتی نائاساییدا لە کۆگاکانی چەک بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا.
یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەهای ئەو چەکانەی ئیدارەی ترەمپ بەنیازە بۆ ئۆکراینای دابین بکات رەنگە بگاتە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار.
رۆژی سێشەممە، 8ی تەممووزی 2025، ترەمپ رایگەیاند ئەمریکا چەکی زیاتر دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا بۆ یارمەتیدانی لە بەرگریکردن لە خۆی دژی پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی رووسیا.
هەروەها میدیای ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، کە پاکێجی هاوکارییە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا رەنگە مووشەکی سیستمی بەرگریی پاتریۆت و رۆکێتی مامناوەند مەودا لەخۆبگرێت، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر جۆری تەواوی چەکەکان نەدراوە.
ئیدارەی ترەمپ تائێستا تەنیا ئەو چەکانەی ناردووە کە لەلایەن سەرۆکی پێشوو، جۆ بایدنەوە، رەزامەندی لەسەر دراوون کە پشتیوانێکی سەرسەختی کیێڤ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ