رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین هەفتە لە خۆپێشاندان دژی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەورووپا، جووتیارانی ناڕازیی پۆڵەند ئاراستەی ناڕەزایەتییەکانیان دەگۆڕن و نیازیانە بچنە پاڵ هێزە گەلێرییەکان بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران لەسەر سنووری ئەڵمانیا، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی حکومەتی وارشۆی لێکەوتووەتەوە.
ماوەی 8 هەفتە بوو جووتیارانی پۆڵەند، کە لە چوارچێوەی کۆمەڵە و رێکخراوی تایبەت بە خۆیاندا کاریان دەکرد، بە شێوەیەکی بەرفراوان دژی سیاسەتە کشتوکاڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپا خۆپێشاندانیان ئەنجام دەدا و ببوونە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ حکومەت.
بەڵام ئێستا، ئەو جووتیارانە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت لەجیاتی کەرتی کشتوکاڵ، سەرنجیان لەسەر پرسی کۆچبەری بێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پلانیان داناوە بچنە نێو ریزەکانی "هێزی گەلێریی پاسەوانیی سنوور" لەسەر سنووری نێوان پۆڵەند و ئەڵمانیا، تاوەکو رێگری لە چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ نێو خاکی ئەڵمانیا بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێزە گەلێرییانەی کە جووتیاران دەیانەوێت پەیوەندییان پێوە بکەن، لەلایەن گرووپە راستڕەو و تووندئاژۆکانەوە دامەزراون. جگە لەو گرووپانە، هاندەرانی تووندئاژۆی هەندێک لە یانە بەنێوبانگەکانی تۆپی پێی پۆڵەندایش بەشێکن لەو هێزانە.
ئەم هەنگاوە نوێیەی جووتیاران، حکومەتی پۆڵەندای نیگەران کردووە و بە هەنگاوێکی مەترسیدارتر لە خۆپێشاندانەکانی پێشوویان دەزانێت. وەزیری بەرگریی پۆڵەند رایگەیاندووە، "پاراستنی سنوورەکان ئەرکی دەوڵەتە، نەک جووتیاران و گرووپە سیڤیلەکان."
دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو هێزە گەلێرییانە کارەکانی هێزە فەرمییەکانی پاسەوانیی سنووریان تێکداوە و بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ