رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆتدیڤوار رایگەیاند، کۆمەڵەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا (ئیکۆواس) پشتیوانی لەوە دەکات بە "زووترین کات لەشکرکێشی بکرێتە سەر نەیجەر" بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەو وڵاتە بگەڕێنرێتەوە سەر دەسەڵات کە لەلایەن سوپای وڵاتەکەوە کودەتای بەسەردا کراوە.
ئەم گوتانەی ئەلحەسەن واتارا، سەرۆکی کۆتدیڤوار دوای ئەوە هاتن کە ئیکۆواس لووتکەیەکی لە ئەبووجای پایتەختی نایجێریا ئەنجامدا و تێیدا بڕیاریاندا "هێزی یەدەگ" جێگیربکەن بۆ ئەوەی حکومەتی هەڵبژێردراوی نەیجەر بگەڕێننەوە.
بۆلا تینوبو، سەرۆکی نایجێریا کە سەرۆکایەتیی ئەم خولەی ئیکۆواس دەکات، گوتی ئەوان هیواخوازن بگەنە "چارەسەرێکی ئاشتیانە،" بەڵام ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بەدوور نەزانی.
عومەر تورای، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئیکۆواس دوای لووتکەکە گوتی، رێکخراوەکە بڕیاریداوە بە "بڵاوکردنەوەی هیزی یەدەگی ئیکۆواس بۆ گەڕاندنەوەی سیستمی دەستووری لە نەیجەر،" بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لە بارەی ژمارە، وڵات و شوێنی ئێستای سەربازەکان نەخستەڕوو.
وێڕای ئەوەش، تورای جەختیکردەوە لە "پابەندبوونی بەردەوام بە گەڕاندنەوەی سیستمی دەستووری بە رێگەی ئاشتیانە."
پێش لووتکەکە، سەرکردەکانی کودەتای نەیجەر حکومەتێکیان پێکهێنا کە کەسێکی سڤیل بە ناوی عەلی ئەمین زەین دەبێتە سەرۆکوەزیرانەکەی و لە21 بەرپرس پێکدێت. هەروەها دوو ژەنەڕالی ئەنجوومەنی سەربازی، وەزارەتەکانی بەرگری و نێوخۆ وەردەگرن.
راگەیاندنی ئەو حکومەتە، درێژکردنەوەیەکە بۆ دەسەڵاتی سەربازی کە لە دوای لەکارلادانی محەممەد بازووم لە 26ی تەممووزەوە دەستیپێکردووە.
ئیکۆواس ئەندامێتیی مالی، بورکینافاسۆ و گینیای هەڵوەشاندەوە دوای ئەوەی کە لە ماوەی رابردوودا کودەتایان تێدا کرا، بۆیە لە لووتکەکەدا بەشدار نەبوون. هەمان رێکار لە دژی نەیجەریش گیرایەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ