وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئەمساڵ 256 هەڵگری وڵاتینامەی عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە

11-08-2023
سۆران حوسێن
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا لەبارەی بابەتی پەناخوازانی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق، وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دەداتەوە و دەڵێت، ئەمساڵ 256 هەڵگری وڵاتینامەی عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە. 
 
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، لە کاتی بەشداربوونی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کە هێمن عەبدوڵڵا لە ستۆدیۆکانی رووداوەوە لە ئەڵمانیا پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بە بەدواداچوونەکانی خۆی بۆ بابەتی پەناخوازانی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق لە ئەڵمانیا کرد و گوتی، گوتەبێژێک لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا پێی گوتووە، بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازانی عێراقی هیچ رێککەوتنێک لەنێوان بەرلین و بەغدادا نەکراوە و گوتیشی، "لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپاشدا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە".
 
زنار شینۆ دەڵێت، "ئەڵمانیا دەمێکە دەیەوێت ئەو کەسانەی چانسی مانەوەیان لە وڵاتەکەدا نەماوە بیانگەڕێنێتەوە عێراق، چونکە لەنێوخۆی ئەڵمانیاشدا رەخنەی زۆر لە حکومەتی وڵات دەگیرێت. هەروەها ئەڵمانیا وەکو وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت بە خەڵکی عێراق و پەناخوازانی عێراقی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بڵێت کە ئەوەتا خەڵک دەگەڕێننەوە و کەس کۆچ نەکات" بۆ ئەو وڵاتە.
 
بەگوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2023، 31 هەزار هەڵگری وڵاتینامەی عێراقی ناویان لە تۆماردا هەبووە کە دەبێت ئەڵمانیا جێبهێڵن، لەوانە 28 هەزاریان داوای مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 256 کەس لە هەڵگرانی وڵاتینامەی عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە، لەنێویاندا 42 کەسیان بۆ عێراق نێردراونەتەوە؛ بەشێکی دیکەیان پەنجەمۆری وڵاتێکی دیکەیان هەبووە و نێردراونەتەوە ئەو وڵاتانە.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا بە زنار شینۆی گوتووە، 493 کەس لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا هەرێمەکەیان جێهێشتووە کە وڵاتینامەی عیراقییان هەبووە، بەڵام ئەوان نازانن چوونەتە چی وڵاتێک.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا لەو هەرێمەدا 5 هەزار و 282 کەس کە هەڵگری وڵاتینامەی عێراقی ناویان تۆمارکراوە کە دەبێت هەرێمەکە بەجێبهێڵنن.
 
حکومەتی ئەڵمانیا ئەو کەسانەی کردووە بە دوو بەشەوە کە دەبێت وڵاتەکە جێبهێڵن؛ ئەوانەی دەکەونە چواچێوەی رێککەتننامەی دەبڵنەوە دەتوانن ئازادانە ئەڵمانیا بۆ شوێنێکی دیکە جێبهێڵن؛ ئەوانەی مافی پەناخوازییان رەتکراوەتەوە پێیان دەگوترێت هەموو هاوکارییەکیان دەکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان. زنار شینۆ گوتی، "هیچ رێککەوتنێک نییە کە ئەو 31 هەزار عێراقییە بە زۆر بگەڕێنرێنەوە عێراق".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە