سەرۆکی پێشووی ئەفریقای باشوور 'بەهۆی قەرەباڵخی'یەوە ناگەڕێندرێتەوە زیندان

11-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەیکۆب زووما، سەرۆکی پێشووی ئەفریقای باشوور "بەهۆی قەرەباڵخی"یەوە ناگەڕێندرێتەوە زیندان. زووما بە تاوانی "سووکایەتیکردن بە دادگە"، ساڵی 2021 سزای 15 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوو مانگ دوای زیندانیکردنی بە هۆکاری تەندروستی ئازادکرا. 
 
مانگی رابردوو دادگە رایگەیاند، ئازادکردنی زووما دەستووری و یاسایی نەبووە و هەربۆیە دەبێت بگەڕێندرێتەوە زیندان. زووما ئەمڕۆ هەینی، 11-8-2023، گەڕێندرایەوە زیندان، بەڵام تەنیا دوو کاژێر، دواتر ئازاد کرایەوە. 
 
رۆنالد لامۆلا، وەزیری دادی وڵاتەکە رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵخییەی لەنێو زینداندا هەیە، بڕیاریان داوە ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەو کارەیان کەمکردنەوەی گوشاری سەر زیندانەکانە لە رێگەی ئازادکردنی ئەو بەندکراوانەی کە سەرپێچیی بچووکیان کردووە. 
 
لامۆلا گوتی، سیریل رامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە 9 هەزار بەندکراو دەرکردووە. 
 
هاوپەیمانیی دیموکراسی، کە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی ئەفریقای باشوورە رایگەیاند، تانە لە بڕیاری لێخۆشبوونی سەرۆکی پێشوو دەدات. لە کاتێکدا کە پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقی کە پارتی فەرمانڕەوایە، پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات. 
 
لەسەر ئاستی رای گشتی، ئازادکردنی زووما کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. بەشێکی ئەفریقییە باشوورییەکان دەڵێن، پێویستە حکومەت سەرنجی لەسەر پرسی گرنگتری وەک کەمیی کارەبا، زیادبوونی تاوان، هەژاری و بێکاریی گەنجان بێت؛ بەشێکیشیان دەڵێن، پێویستە زووما بگەڕێتەوە زیندان و سزاکەی تەواو بکات. 
 
دەرکردنی سزای بەندکردن بۆ زووما لە ساڵی 2021، خۆپێشاندان و گرژیی لێکەوتەوە کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 350 کەس. زووما دوای ئەوە سزاکەی بۆ بەندکرا کە رەتیکردەوە لە دادگە ئامادەبێت، کاتێک کە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا دەکرا. 
 
بە گوێرەی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، ئەفریقای باشوور لە ریزبەندی 180 وڵات و هەرێمی جیهان 72ەمینە لە گەندەڵییدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.