رووداو دیجیتاڵ
جێگری نوێنەری ئازەربایجان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی "رێڕەوی ترەمپ" دەڵێت، نەوەک تەنیا بۆ ئازەربایجان و ئەرمینیا، بەڵکو سوودی بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بەشەی رێڕەوەکە کە بە ئەرمینیادا تێدەپەڕێت، لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئەرمینیا و ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.
جاڤید ئیسماعیلۆڤ، جێگری نوێنەری ئازەربایجان لە نەتەوە یەکگرتووەکان میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و لەبارەی رێککەوتنەکەی ئەرمینیا و ئازەربایجان قسەی کرد.
جاڤید ئیسماعیلۆڤ گوتی، رێڕەوی ترەمپ سوودی بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەبێت، نەوەک بە تەنیا ئازەربایجان و ئەرمینیا.
جێگری نوێنەری ئازەربایجان لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: ''پێشتر ئەرمینیا رێگری لەوە دەکرد لە ئازەربایجانەوە کاڵا بچێتە نەخچیڤان. ئێستا بە گوێرەی ئەو رێککەتنە سێقۆڵییە، لە خاکی ئازەربایجانەوە بەبێ هیچ بەربەستێک و بەبێ ئەوەی لەلایەن ئەرمینیاوە بپشکنرێت، دەتوانرێت کەلوپەل و بار رەوانەی نەخچیڤان بکرێت''.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ جاڤید ئیسماعیلۆڤ:
رووداو: بەخێربێن بەڕێز ئیسماعیلۆڤ. سوود و قازانجی ئەو رێککەوتنە بۆ ئازەربایجان چییە؟
جاڤید ئیسماعیلۆڤ: ئەم رێککەوتنە چەند سوودێکی بۆ ئازەربایجان دەبێت. یەکەمیان، دوای ئەوەی خاکەکەی لە داگیرکاری رزگارکرد، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لەگەڵ ئەرمینیا دەست بە گفتوگۆ کرا. ئازەربایجان لایەنی یەکەم بوو کە پێشنیازی ئەو رێککەوتنەی ئاشتی کرد. مەرجەکانی ئاشتیش هەر ئازەربایجان پێشنیازی کرد. لایەنەکان لە مانگی ئاداری 2025دا لە رێگەی نووسراو گەیشتنە رێککەوتن. ئەم نووسراوە لە واشنتۆن، لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا بە واژۆ پەسندکرا. دووەمیان، گرووپی مینسک هەڵوەشێندرایەوە. راستتر بڵێم، وەزیرانی هەردوو وڵات بۆ هەڵوەشاندنەوەی مینسک داوایان پێشکێشی رێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا کرد. گرنگترین شت لێرەدا ئەوەیە، هەڵوەشاندنەوەی مینسک یەکێک لەو مەرجانە بوو کە ئازەربایجان بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەرمینیا، جەختی لێدەکردەوە، ئەرمینیاش ئەمەی قبووڵ کرد و داوایەکی هاوبەشیان پێشکێش کرد. سێیەمیان، لە ساڵی 1992ـەوە ئەمریکا سزای بەسەر ئازەربایجان سەپاندبوو، ئەویش سزای مادەی 907 بوو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو دیدارەی واشنتن دا واژۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە کرد. ئێستا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە، هەل دەڕەخسێت تاوەکو پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئازەربایجان لە بوارەکانی وزە، بازرگانی، ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای نوێ بەرەوپێشەوەبچن. بەمەش ئەمریکا دەتوانێ راستەوخۆ وەبەرهێنان لە ئازەربایجان بکات. لە بابەتی ستراتیژیی هاوبەشدا لیژنەیەک لەلایەن ئەمریکا و ئازەربایجان بە بەشداریی نوێنەران، بۆ واژۆکردنی رێککەوتن پێکهێندرا. ئەم لیژنەیە لە چەند مانگی داهاتوودا ئامادەکاری بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەبارەی ستراتیژیی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات دەکات. ئەمەش پێشهاتێکی گرنگە. چوارەمیان کە یەکێکە لەو بابەتانەی ئازەربایجان زۆر گرنگی پێدەدات، لە نێوان رێگەی سەرەکیی وشکانی و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری نەخچیڤان، خاکی ئەرمینیا هەبوو، بۆیە بەردەوام ئەرمینیا رێگری لەوە دەکرد لە ئازەربایجانەوە کەلوپەل بچێتە نەخچیڤان. ئێستا بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە سێقۆڵییە، لە خاکی ئازەربایجانەوە بەبێ هیچ بەربەستێک و بەبێ ئەوەی لەلایەن ئەرمینیاوە بپشکندرێت، دەتوانرێت کەلوپەل و بار رەوانەی نەخچیڤان بکرێت. ئەو چوار خاڵە سوودەکانی ئازەربایجانن لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە واشنتن کراوە.
رووداو: ئەو خاڵانەی باستان کردن کەی دەبنە کردار و جێبەجێ دەکرێن؟ کەی لیژنە و نوێنەری ئێوە بەیەکەوە کار دەکەن و بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنەکەی؟
جاڤید ئیسماعیلۆڤ: با لەوەوە دەستپێبکەم، یەکەمیان مادەی 907 هەڵوەشایەوە، واتە ئەمە چووە واری جێبەجێکردنەوە. هەڵوەشانەوەی مینسک لە رێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا قسەی لەسەر دەکرێ. فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد کە دەستبەجێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپی مینسک ئامادەن. فەرەنساش کە ئەندامێکی گرووپی مینسکە، پاڵپشتی لەمە کرد. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی کۆنفرانسێکەوە هەڵوەشاندنەوەی گرووپی مینسک رابگەیێندرێ. خۆی دوو رۆژ لەمەو پێش، رێککەوتنەکە واژۆکرا، بۆیە سەبارەت بە بابەتەکانی دیکە، هێشتا کاتێک دیاری نەکراوە کە بگوترێت لە فڵانە رێککەوتدا ئەم شتە دەکرێت. بۆیە ئەم پرۆسەیە تازە دەستیپێکردووە و بۆ تەواوبوونی پرۆسەکەش کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن. واتە پرۆسەیەکی نوێ و ئەرێنی دەستیپێکردووە.
رووداو: بابەتی رێڕەوەکەش زۆر گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت کە ئەمە بۆ ئازەربایجان زۆر گرنگە. ئایا ئەم رێڕەوە تەنیا لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا دەبێت؟ چونکە هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیاش لەوێ هەن. کەی ئەم رێڕەوە بۆ کاری گواستنەوە دەکرێتەوە؟ کەی ئەمریکا هێزی خۆی دەنێرێت؟
جاڤید ئیسماعیلۆڤ: ئەو رێڕەوە لە ئازەربایجانەوە دەست پێدەکات تاوەکو تورکیا، تەنیا 43 بۆ 44 کیلۆمەتری ئەم رێڕەوە بە ئەرمینیادا تێدەپەڕێت، لێرەدا کۆنترۆڵی رێڕەوەکە لە دەستی ئەرمینیادا دەبێت. ئەم بەشەی ئەرمینیاش لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئەرمینیا و ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت.
رووداو: مەبەستتان بەڕێوەبردنی کارگێڕییە یان ئەمنی؟
جاڤید ئیسماعیلۆڤ: لە رووی کارگێڕییەوە. کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئەرمینیا و ئەمریکا لەرووی کارگێرییەوە ئەوێ بەڕێوەدەبەن.
رووداو: هەمووی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و ئەرمینیا دەبێت؟ ئێوە لەگەڵ ئەمریکا کام بەش بە هاوبەشی بەڕێوەدەبەن؟
جاڤید ئیسماعیلۆڤ: نەخێر، نەخێر. وەک ئەوەی گوتم، رێڕەوەکە بە خاکی سێ وڵاتدا تێدەپەڕێت، ئەرمینیا، ئازەربایجان و تورکیا. تەنیا ئەو بەشەی ئەرمینیا کە 43 بۆ 44 کیلۆمەتر دەبێ، لەلایەن ئەرمینیا و ئەمریکا بەڕێوەدەبرێ. ئەو بەشەشی کە بە ئازەربایجاندا تێدەپەڕێ، ئازەربایجان خۆی بەڕێوەی دەبات، هەروەها ئەو بەشەشی بە تورکیادا تێدەپەڕێ، تورکیا خۆی بەڕێوەی دەبات.
رووداو: ئێران ناڕازییە و باسی لەوە کردووە کە ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە. ئێوە وەک ئازەربایجان لەمبارەیەوە چ پەیامێکتان بۆ ئێران هەیە؟ هاتنی ئەمریکا لە رێگەی ئازەربایجان و ئەرمینیا بۆ ناوچەکە، چەند کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت؟ ئێوە لەگەڵ لایەنی ئێرانی قسەتان کردووە و گەرەنتیتان پێیان داوە؟ یان ئەوان لەگەڵ ئێوە قسەیان کردووە؟
جاڤید ئیسماعیلۆڤ: وەک ئەوەی گوتم، ئەو بەشەی ئەمریکا چالاکی تێدا دەکات، خاکی ئەرمینیایە. ئەم بابەتە پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانی ئێران و ئازەربایجانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەرمینیا. بۆیە لەم بابەتە هیچ گەرەنتییەک نییە کە پێویست بکات بیدەین بە ئێران، یان هیچ قسەیەک نییە کە پێویست بکات لەگەڵ ئێرانی بکەین. ئەرمینیا ئەو دەسەڵاتەی هەیە. ئەمە بابەتێکە پێویستە لەنێوان ئێران و ئەرمینیا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێ. ئێمە ئەم رێڕەوە وەک هاوئاهەنگییەک دەبینین، نەوەک وەک هەڕەشەیەک. پێمان وایە هەموو ناوچەکە لەمەدا سوودمەند دەبن، نەوەک بە تەنیا ئەرمینیا و ئازەربایجان. بۆیە ئێمە ئەمە وەک هەڕەشە یان بەربەستێکی ناوچەیی نایبینین. ئێران هەر لەسەرەتاوە دژی ئەو رێڕەوە بوو. بەرلەوەی ئەمریکاش بێتە نێوەندەکە، ئێران دژی ئەو رێڕەوە بوو. ئێران بەشێوەیەکی ریشەیی دژی ئەو رێڕەوەیە، چونکە ئێران پێیوایە بە کرانەوەی ئەو رێڕەوە، کاریگەریی خۆی لە ناوچەکە کەم دەبێتەوە. بە بڕوای من، ئەو ناڕەزایەتییەی ئێران تەنیا پەیوەندی بە ئەمریکاوە نییە، چونکە بەر لەوەی ئەمریکاش بێتە نێوەندەکە، ئێران هەر دژی ئەو رێڕەوە بوو.
رووداو: ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی ئێران و ئازەربایجان ئاڵۆزتر بێت؟ یان خاڵی ناکۆکی زیاتری لە نێوانیادا لێبکەوێتەوە؟ چونکە پێشتریش هەندێک ناکۆکی لە نێوانیاندا هەبوو.
جاڤید ئیسماعیلۆڤ: وەک ئەوەی گوتم، ئەمە پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی ئێمە و ئێرانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەرمینیاوە هەیە. ئەگەر ئێران ناڕازییە بەوەی ئەمریکا لەو بەشەی رێڕەوەکەدا چالاکی بکات، ئەو بەشە لە خاکی ئەرمینیایە، نەوەک لە خاکی ئێمە. بەهیچ شێوەیەک لە خاکی ئێمەدا وڵاتی سێیەم چالاکی ناکات. بۆیە هیچ بابەتێک نییە تاوەکو ئێمە لەگەڵ ئێران گفتوگۆی لەبارەوە بکەین. بەڵام ئێمە دەمانەوێ ئەو رێگەیە کراوە بێت و هاووڵاتییانمان، هەروەها کاڵاکانمان لە خاکی خۆمانەوە بەبێ هیچ بەربەستێک بچنە نەخچیڤان. بەڵام بێگومان هەندێک هێز لە ئێران هەن، هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو خراپی ببەن. بەڵام لەوەتەی پزیشکیان هەڵبژێردراوە، پەیوەندیی ئێمە و ئێران زۆر باشە. پزیشکیان دوو جار سەردانی ئازەربایجانی کرد. خانکەندی (شارێکی ئازەربایجانە)کە لە داگیرکاری رزگار کرابوو، سەردانی کرد. هەروەها لە مانگی ئادار سەردانی باکووی ئازەربایجانی کرد. لە کۆبوونەوەی ''خانکەندی''دا، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەیەکەوە کۆبوونەوە. ئەم سەردانانە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئازەربایجان دروست دەکەن. لەو سەردەمەی ئێستای پزیشکیاندا، هەندێک هێز لە ئێران هەن بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ئێران و ئازەربایجان ناڕەحەتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ