رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی گاردی نیشتمانی بە واشنتن دی سیی پایتەختدا بڵاودەکاتەوە و هێزی پۆلیسی شارەکەش دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی فیدراڵی، ئەوەش بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی تاوان و پاککردنەوەی شەقامەکانی شارەکە لەخێوەتی پەناخوازان.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی و بەرزبوونەوەی ریژەی بەرچاوی تاوان لە واشنتن، رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژی ئازادکردنە لە دی سی و ئێمە پایتەختەکەمان وەردەگرینەوە."
ترەمپ گوتیشی، "ئێمە [لە رێژەی تاوان] دوو هێندەی بەغداین. پەنەما سیتی، برازیلیا، سان هۆزێ لە کۆستاریکا، بۆگۆتا لە کۆلۆمبیا کە ماددەی هۆشبەری زۆرە. مەکسیکۆ سیتی، کە باسم کرد، لیما لە پێرو. ئێمە لە هەمووی دوو هێندە و سێ هێندە زیاترین. کەواتە ئایا دەتانەوێت لە شوێنی وادا بژین؟ پێموانییە. واشنتن، لە هەر 100 هەزار کەسێک، 41 تاوان هەیە. ژمارە یەکە لە جیهاندا."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پلانی هەیە هێزی پۆلیسی واشنتن بخاتە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی فیدراڵییەوە و گوتیشی، "800 گاردی نیشتمانی لە دی سی بڵاودەکەینەوە و ئەگەریش پێویست بکات سوپا دەنێرین."
ئامانجێکی دیکەی پلانەکەی ترەمپ رووبەرووبوونەوەی کۆچبەرانە و لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە گەڕەکەکان پاک دەکەینەوە. ئەم شارە چیدی نابێتە پەناگەیەک بۆ تاوانبارانی کۆچبەری نایاسایی." گوتیشی:"نزیکەی 70%ـی ئەو تاوانبارانەی لە ساڵی 2023دا لە واشنتن دەستگیرکران، دادگایی نەکراون."
لەکاتی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی ترەمپدا، خۆپێشاندان بەرامبەر بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە دەرەوەی کۆشکی سپی بەڕێوەچوو و دەیان کەس بەشداریان تێدا کرد، کە زۆربەیان پەناخواز و بێلانەکان بوون و شەوان لەسەر شەقامەکانی واشنتن لەژێر خێوەتدا رۆژ دەکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردەوە سەر ئەو ویلایەت و شارانەی ئەمریکا کە رێگە بە پەناخوازانی نایاسایی دەدەن لە شارەکانیان بمێننەوە و بە "شاری پەناگەکان" ناسراون.
ترەمپ گوتی: "پێویستە بە زووترین کات لە شاری پەناگەکان خۆمان رزگار بکەین. ئەم کارەش دەکەین. پێویستە بیکەین، چونکە ئەوانە پەناگەن بۆ تاوانباران و ئەندامانی گرووپە چەتەکانی کۆچبەری نایاسایی ئازاد دەکەن بۆ سەر شەقامەکان."
واشنتن زۆرینەی دانیشتووانەکەی دیموکراتن، ئیدارەی ترەمپ ئیدارەی بایدن بەوە تۆمەتبار دەکات، کە لە سەردەمی ئەواندا "تاوان لە پایتەختی ئەمریکا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە تاوانباران نەرم بووە."
ئەم رێکارە نوێیەی ترەمپ، هاوشێوەی سیاسەتەکانی دژ بە کۆچبەرانە، کە بەشێوەیەکی کاریگەر سنوورەکانی باشووری ئەمریکای لەگەڵ مەکسیک کۆنترۆڵ کردووە و رێگەنادەن کۆچبەران دزە بکەنە نێو ئەمریکاوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەو پلانی هەیە ئەم سیاسەتە بۆ شارە پڕ تاوانەکانی دیکەش پەیڕەو بکات، بەتایبەتی شارەکانی نیویۆرک و شیکاگۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ