ترەمپ: حەماس ئاگربەستی ناوێت و دەبێت گوشاری سەربازیی زیاتری بخرێتەسەر

11-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس لەو دۆخەی ئێستای کەرتی غەززە بە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست رازی نابێت، بەڵام خۆی لە پشتگیریکردن یان دژایەتیکردنی پلانی نوێی پەسندکراوی ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە بەدوور گرت.
 
رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، رایگەیاند کە ئەو هاوڕایە لەگەڵ پاساوەکانی بنیامین نەتەنیاهوو "پێویستە گوشاری سەربازی زیاتر بخرێتە سەر حەماس." 
 
ترەمپ، رایگەیاند پێویستە ئیسرائیل بڕیار بدات هەنگاوەکانی داهاتوو لە غەززە چین و ئایا رێگە بە حەماس دەدات لەوێ بمێنێتەوە، هەر خۆی وەڵامدەداتەوە و دەڵێت، "ئەوان ناتوانن لەوێ بمێننەوە."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەکەی بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە، ترەمپ دەڵێت: "تەنیا یەک شتم هەیە بیڵێم: 7ی ئۆکتۆبەر لەبیر مەکەن، 7ی ئۆکتۆبەر لەبیر مەکەن،" 
 
ئەم لێدوانە نوێیەی ترەمپ، لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، رەنگە پلانی دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتیی رابگرن، یان دوای بخەن، ئەگەر هەست بکەن، بزووتنەوەی حەماس نیازی هاتنەپێشەوە و رێککەوتن و سازشکردنی هەبێت. 
 
هەروەها رۆژی یەکشەممە، وەزیرانی دەرەوەی 8 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە "دۆخی مرۆیی خراپتر دەکات و ژیانی هەموو ئەو بارمتانەش دەخاتە مەترسییەوە کە لە ژیاندا ماون."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.