رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، نیگەرانن لە کوژرانی کارمەندێکی تەندروستیی سوەیدا و داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و شەفاف لە رووداوەکە بکرێت و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکرێنەوە.
رۆژی یەکشەممە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە کامێرای چاودێری نەخۆشخانەیەکەوە تۆمارکرابوو، بڵاوبووەوە و تێیدا دەرکەوت کەسێک بە جلی سەربازی لە نەخۆشخانەیەکی سوەیدا، تەقە لە کارمەندێکی تەندروستی دەکات و دەیکوژێت.
رۆژی دووشەممە 11ـی ئابی 2025، ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، راگەیاند، "ئەو راپۆرتانە زۆر جێی نیگەرانین، کە هێرشی لەو شێوەیە و تووندوتیژیی وا لەنێو نەخۆشخانەیەکدا رووبدات، دژی کارمەندانی تەندروستی."
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەم کارە دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە لێپرسینەوە لەگەڵ بکەران دەکرێت و رووبەڕووی دادپەروەری دەکرێنەوە، سەر بە هەر لایەنێک بن."
دووجاریک ئاماژەی بەوەشکرد ئاگاداری راگەیێندراوی سەرکردایەتیی دیمەشقن کە بەڵێنیان داوە لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە بکەن و گوتی، "چاوەڕێی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەین. هەروەها، پێویستە ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرسیارن لەوەی لەو ڤیدیۆیەدا دەردەکەون، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا پێویست ناکات لێکۆڵینەوەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بکرێت، دووژاریک جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی حکومەتی سووریا کردەوە و گوتی، "با هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین. با ئەوان لێکۆڵینەوەکە بکەن چونکە ئەوە بەرپرسیارێتی ئەوانە و با بزانین ئەنجامەکان چی دەبن."
هەروەها روونیشیکردەوە کە حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارە لە پاراستنی سەلامەتی هەموو هاووڵاتییانی خۆی، بەبێ گوێدانە ئایین و نەژاد و هەر هۆکارێکی دیکە.
شاری سوەیدا لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پێکدادانی چەکداری و نائارامییەوە گرژیی بەخۆیەوە بینیوە. نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام هۆشدارییان داوە لە تووندووتیژییەکان لە سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل.
13ی تەممووز شەڕ لەنێوان چەکدارانی درووزی ناوچەکە و هۆزە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، بەڵام تووندوتیژییەکان بە خێرایی پەرەیان سەند و هێزە ئەمنییەکانی سووریا و ئیسرائیلیش دەستوەردانیان کرد، کە بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە کۆتاییدا بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 1600 کەس، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیلی درووز بوون.
بەرپرسانی سووریا رایانگەیاندووە، هێزەکانیان دەستوەردانیان کردووە بۆ راگرتنی پێکدادانەکان، بەڵام شایەتحاڵان، گرووپە درووزییەکان و روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباریان دەکەن بە پشتیوانیکردن لە دەشتەکییەکان و ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی درووزەکان، لەوانەش کوشتن بێ دادگاییکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ