رووداو دیجیتاڵ
لەناو ماڵێکی ئارام و رێکوپێکی بەساڵاچووان لە ئەڵمانیا، چیرۆکێکی خەمگینی کۆچبەریی گەنجێکی کورد خۆی حەشارداوە. ئازاد، گەنجێکی 30 ساڵەی خەڵکی کۆبانێیە، کە نزیکەی 10 ساڵە لە ناوچەی کەمەرییەوە بەرەو خوار ئیفلیج بووە و توانای جووڵەی نەماوە.
لە رێگەی درێژ و پڕ مەترسیی کۆچبەریدا، کاتێک تەنیا چەند کیلۆمەترێکی مابوو سنووری نەمسا ببڕێت و بچێتە نێو خاکی ئەڵمانیا، لە تاریکیی شەودا ئۆتۆمبێلێک خۆی پێدا دەکێشێت و بە سەختی برینداری دەکات. ئەو رووداوە خەونەکانی ئازادی کردە لەنێوبرد.
ئازاد بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەتەوە، باسی شەوی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "کچێک خۆی پێماندا کێشا، تەمەنی 17 ساڵ بوو. ئێمە شەش کەس بووین، بەڵام گورزی ھەرە گەورە بەر من کەوت. ئەمە دەیەمین ساڵی منە و تائێستا نەگەڕاومەتەوە کوردستان. تەنیا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ دایک و باوکم قسە دەکەم، ئەوەندە و بەس."
ئێستا ئازاد لە شارۆچکەی هوتتورم لە باشووری ئەڵمانیا، دوور لە خێزان و کەسوکار و بە هیواگەلێکی لە سنگیدا بەستووەوە، ژیان بەسەر دەبات.
بەڵام ئازارەکە تەنیا لە جەستەی ئازاد دا نییە؛ هەمان ئازار بە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر، لە دڵی دایکیدا لە دهۆک دەژی. فەهیما شێخ عەلی، دایکی ئازاد، بە باوەشێک پشکنینی پزیشکییەوە، چەندین جار دەرگای کۆنسووڵخانە و رێکخراوەکانی کوتاوە تاوەکو بیدەنە رێی گەیشتن بە کوڕەکەی، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بێئاکام بوون.
ئەو بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە هاوار دەکات و دەڵێت: "کوڕەکەم لەو حاڵەتەدایە، لەسەر جێگا و کورسییە. خواردنێکی بدەنێ یان نەیدەنێ، ناتوانێت هیچ بۆ خۆی بکات. کاتێک تەلەفۆنی بۆ دەکەم، هەندێک جار لەبەر ئەوەی بێتاقەتە هەفتەیەک قسەم لەگەڵ ناکات. کاتێک ئەو قسە ناکات، ئێمەش لێرە دڵتەنگ دەبین. دەمانەوێت رێگەیەکمان بۆ ببیننەوە، بگەینە کوڕەکەمان و پێش مردن بیبینینەوە."
ئازاد کاتێک ماڵئاوایی لە دایکی کرد، بەو هیوایە بوو کە لە ئەورووپا ژیانێکی خۆشتر بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات، بەڵام هیواکانی لەگەڵ تایەی ئەو ئۆتۆمبێلەدا پەلیان هاویشت و خەونەکەی بووە مۆتەکەیەکی هەمیشەیی کە لە جەستەیەکی بێجووڵە و دڵێکی پڕ لە حەسرەتدا زیندانی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ