رووداو دیجیتاڵ
وەزیی گواستنەوەی دەریایی یۆنان رایگەیاند، دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هێزە دەریاییەکانی یۆنان لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەیان پاڵیان بە بەلەمێکی پەناخوازاندا نا و بەوهۆیەوە بەلەمەکە ژێر ئاو کەوت و پەناخوازێک گیانی لەدەستدا.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، میلیتادیس ڤاڕڤیتسیۆسیس، وەزیری گواستنەوەی دەریایی یۆنان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی کریاکۆس میستسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کردووە و گوتەبێژێکیش بەناوی حکومەتی یۆنان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە کە دەستلەکاركێشانەوەکەی وەزیری دەریایی یۆنان قبووڵکراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 5-9-2023، کەشتییەکی هێزە دەریاییەکانی یۆنان لە کەناراوەکانی بەندەری پێرەیەس، کە دەکەوێتە دووری پێنج کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای ئەسینای پایتەخت، پاڵیان بە بەلەمێکی پەناخوازاندا و بەوهۆیەوە بەلەمەکەیان ژێر ئاو کەوت و پەناخوازێک گیانی لەدەستدا.
دوای دەستلەکارکێشانەوەیشی، وەزیری دەریایی یۆنان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "کەس ناتوانێت بهێنێتە پێش چاوی کە دەریاوانە یۆنانییەکان بە پێشێلکردنی یاسا کۆنەکانی پاراستنی ژیانی مرۆڤ لە دەریادا، پاڵیان بە گەنجێکی بەدبەختەوە نا و لەنێو ئاو وازیان لێهێنا."
چەندین ساڵە یۆنان خاڵێکی سەرەکیی گەیشتنی کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقیا و ئاسیا بووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئاب زیاتر لە 15 هەزار و 600 کۆچبەر لە رێگەی دەریایی و وشکانییەوە گەیشتوونەتە یۆنان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، زیاتر لە 12 هەزاریان لە رێگەی دەریاوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئامارەکانی حکومەتی یۆنانیش ئەوە دەردەخەن، تەنیا لە مانگی ئابدا 1100 کۆچبەر و لە مانگی تەممووزدا 750 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەشت مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی 1000 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ