رووداو دیجیتاڵ
کامالا ها‌ریس، بەربژێری پێشووی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند رێگه‌دان به جۆ بایدن، سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکا، تاوەکو جارێکی دیکە بڕیاری خۆی بەربژێر بکاتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024، کارێکی "سەرەڕۆیانە" بوو، به‌ڵام ئەوکات هه‌ستی کردووه ئەو ناتوانێت ئامۆژگاری بایدنی ته‌مه‌ن 81 ساڵ بکات خۆی بەربژێر نه‌کات.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە، کامالا ها‌ریس کتێبێک لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی رابردوو بەناوی "107 رۆژ"، بڵاو بکاتەوە و لەکتێبەکەیدا، ها‌ریس باس لەو بۆچوونە جیاواز و ناکۆکیانە دەکات کە لەنێو دیموکراتەکان هەبووە لەبارەی خۆ بەربژێرکردنی بایدن.
لە کتێبەکەیدا، ها‌ریس ره‌تیکرده‌وه، ئەو خولیا و گیرۆدەی گەیشتن بە کۆشکی سپی هەبووبێت، بەڵام دەنووسێ، "لەگەڵ گەرمبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، که‌موکوڕییەکانی بایدن زیاتر ده‌رده‌که‌وتن."
بڕیارە کتێبه‌که‌ی ها‌ریس، 23ی ئه‌یلوول بڵاوبکرێتەوە و لەو کتێبەدا لەبارەی بەربژێربوونی بایدن نووسیوویەتی، "له نێو هه‌موو ئەوانەی لە کۆشکی سپی بوون، من له خراپترین دۆخدا بووم بۆ ئه‌وه‌ی داوای لێبکه‌م واز بهێنێت. ده‌مزانی لای ئه‌و وه‌ک کارێکی خۆویستانه ده‌رده‌که‌وت ئه‌گه‌ر ئامۆژگارییم بکردایه خۆی بەربژێر نه‌کات."
بایدن، لە 21ی ته‌ممووزی 2024 لەکێبڕکێی سەرۆکایەتی کشایەوە، دوای ئه‌وه‌ی له دیبه‌یتیی یەکەمی سەرۆکایەتیدا به‌رامبه‌ر به دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییه‌کان ئاستێکی خراپی پێشکێش کرد و بووه هۆی ئه‌وه‌ی یاریده‌ده‌رانی و به‌رپرسانی دیموکراتەکان به ئاشکرا گومان لە ئاست و توانای بایدن بکەن بۆ بەردەوامیی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئەگەری سەرکەوتوو بێت، ئایا دەتوانێت لە گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییدا ئەرکەکانی بە باشی بەڕێوەبەرێت.
کتێبه‌که‌ی ها‌ریس، که ناونیشانه‌که‌ی ئاماژه‌یه بۆ درێژیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی خۆیەتی کە 107 رۆژ بوو. دواتر باس لەو هەڵمەتەکە دەکات و نووسیوویەتی، "مه‌ترسییه‌کان زۆر گه‌وره بوون. ئه‌مه هه‌ڵبژاردنێک نه‌بوو، بۆ حەز و ئارەزووی که‌سێک یان ویستی که‌سێک به‌جێبهێڵرێت، ده‌بوو زیاتر له بڕیارێکی کەسایەتیی بووایه."
"دەستیپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی"
دوای کشانەوەی بایدن، ها‌ریسی تەمەن 60 ساڵ، بووه بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی و ته‌نیا 107 رۆژی له‌به‌رده‌ستدا بوو بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی خۆی بۆ خه‌ڵکی ئه‌مریکا بخاته‌ڕوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی باشترە ئەو ببێتە سه‌رۆک.
ئه‌و له هه‌ڵبژاردنی مانگی تشرینی دووه‌مدا به ترەمپی 79 ساڵ دۆڕا و له‌و کاته‌وه خۆی لەچاوی میدیاکان پاراستووە و قسەی لەسەر هەڵبژاردنەکان و هەڵمەتەکەی نەکردووە.
کشاندنه‌وه‌ی بایدن له پێشبڕکێکه‌دا، چەندین پرسیاری لەدوای خۆی بەجێهێشت لەسەروو هەمووشیانەوە، ئایا کۆشکی سپی زانیاری له‌سه‌ر توانا و تەندروستیی بایدن شاردووه‌ته‌وه؟ بەڵام هەر ئەوکات بەرپرسانی ئیدارەی بایدن و نزیکترین لە یاریده‌ده‌رەکانی ئه‌و نیگه‌رانییانه‌یان ره‌تکرده‌وه و رایانگەیاند، "بایدن به ته‌واوی توانای بڕیاردانی هه‌یه."
لەبارەی دۆخی بایدن لەکاتی خۆبەربژێرکردنەوەی، ها‌ریس نووسیوویەتی، "له ته‌مه‌نی 81 ساڵیدا، جۆ ماندوو بوو. لە هەڵمەتەکەشدا ته‌مه‌نی و شێوازی هەڵسوکەوت و قسه‌کردنی ده‌رکه‌وت."
بایدن به‌ته‌مه‌نترین که‌س بووه لەمێژووی ئەمریکادا وه‌ک سه‌رۆکی ئەو وڵاتە کار بکات و ئێستا که تەمەنی 82 ساڵه، تووشی شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات بووه بە گوێرەی زانیاریی پزیشکەکانی، شێرپەنجەکە بە جەستەیدا بڵاوبووه‌ته‌وه.
"هەستم کرد که‌وتم"
ها‌ریس، لەساڵانی 2021 بۆ 2025 جێگری سه‌رۆکی ئەمریکا بوو. ئەو یه‌که‌م ژن و یه‌که‌م که‌سی باشووری ئاسیا و ره‌شپێست بوو، لەو پۆسته‌دا بووبێت.
ها‌ریس له کتێبه‌که‌یدا باس لە رەخنەکانی دژبەرانی دەکات کە بە بێ‌توانا تۆمەتباریان دەکات و ئەویش تیمی راگەیاندنی کۆشکی سپی و تیمی بایدن تۆمەتبار دەکات بەوەی هاوکاریان نەکردووە.
کامالا لە نووسینەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە "ئه‌وان تیمێکی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌کانیان هه‌بوو؛ کارین جین- پیێر هه‌موو رۆژێک له هۆڵی راگه‌یاندنه‌کاندا قسەی دەکرد، بەڵام هیچیان لەبارەی منەوە نەدەوت."
ها‌ریس هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی نزیک له بایدن تاوانبار ده‌کات به شێواندنی وێنه‌ی میدیایی ئه‌و له ماوه‌ی جێگری سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌یدا و تۆمه‌تباریان ده‌کات به‌وه‌ی ئه‌ویان "خستووه‌ته ژێر پێیانەوە بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی پێگه و وێنەی گشتیی بایدن."
ئه‌و ده‌نووسێت "کاتێک چیرۆکێک یان هەواڵێکی ناڕاست بڵاودەبووەوە، کەسەکانی بازنەی سه‌رۆک وا ده‌رده‌که‌وت کێشه‌یان لەگەڵ ئەو هەواڵانە نه‌بوو. به دڵنیاییه‌وه، وا ده‌رده‌که‌وت وه‌ک ئه‌وه‌ی بڕیاریاندا بێت، ده‌بێت کار بکەن زیاتر بڕووخێندرێم".
ها‌ریس ده‌نووسێت که زۆرجار زانیویه‌تی ستافی بایدن "سووتەمەنییان ده‌کرد به‌سه‌ر گێڕانه‌وه نێگه‌تیڤه‌کاندا"، وه‌ک بڵاوبوونه‌وه‌ی هەواڵ و راپۆرتی میدیایی لەبارەی "بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی له نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆک و گۆڕانی زۆری ستاف."
هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکا ستافی بایدن تۆمه‌تبار ده‌کات بەوەی لە توانای ئەو ترساون و به‌وه‌ی ئه‌و له بایدن باشتر ده‌رده‌که‌وێت، ئاماژه به وتارێکیش ده‌دات که ساڵی رابردوو له شاری سێلمای سەر بە ویلایەتی ئه‌لاباما پێشکێشی کرد و تێیدا داوای ئاگربه‌ستی ده‌ستبه‌جێی له غه‌ززه و گه‌یاندنی زیاتری هاوکاری مرۆیی کرد.
ئه‌و لە کۆتایی کتێبەکەیدا، نووسیوویەتی، "هه‌وڵه‌کانی بچووککردنه‌وه‌ی ئه‌و، بایدنیشیان بچووک کردووه‌ته‌وه، به تایبه‌تی لەبارەی کێشەی تەندروستی و تەمەنی بایدن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ