رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) ئەمڕۆ پێنجشەممە وێنەی گومانلێکراوی چارلی کێرک، چالاکڤانی لایەنگری ترەمپ و ئیسرائیلی بڵاو کردەوە، کە رۆژی چوارشەممە لە زانکۆی یووتا ڤاڵی کوژرا.
ئێف بی ئای داوا لە خەڵک دەکات، زانیاری لەسەر کەسەکە بدەن. دەزگاکە خەڵاتێکی 100 هەزار دۆلاری بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گومانلێکراوەکە راگەیاند.
هەر ئەمڕۆ دامودەزگەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەو نیشانشکێنەی کێرکی کوشتووە، گومان دەکرێت خۆی لە بانی باڵەخانەکە هەڵدابێتە خوارەوە و بۆ نێو یەکێک لە گەڕەکەکان رایکردبێت و خۆی شاردبێتەوە. بەڵام ناسنامەکەی بە نادیاری ماوەتەوە.
دواتر دامودەزگەکان رایانگەیاند، چەکێکیان لە جۆری نیشانەشکێن لە شوێنی رووداوەکە دۆزیوەتەوە کە گومان دەکرێت بۆ کوشتنی کێرک بەکارهێنرابێت.
پۆلیس باس لەوە دەکات، پێدەچێت گومانلێکراوەکە لە "تەمەنی خوێندکاری زانکۆ"دا بێت و خۆی لەگەڵ خوێندکاران تێکەڵ کردووە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە.
رۆبەرت پۆڵز، گەورە لێکۆڵەری ئێف بی ئای لە شاری ساڵت لەیک گوتی: "دەتوانم پێتانی بڵێم کە ئەم کارە ئامانجدار بووە."
گوللــەکە بەر قورگی کێرک کەوت، کاتێک لە نێو زانکۆی یووتا ڤاڵی لە بەردەم هەزاران خوێندکار قسەی دەکرد، ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، راگەیێنرا کە گیانی لەدەستداوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، میدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی بە پشتیوانە کوژراوەکەی دەبەخشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ