رووداو - هەولێر
راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا ئاشکرای دەکات، رووسیا بە "درۆنی ئێرانی" هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی و دەڵێت رۆژی دووشەممە 15 درۆنی دروستکراوی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە.
رۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2022 یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا کە میوانی بوڵتەنی نووڕۆژی کاژێر هەشتی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لە هەڤپەیڤینێکدا بە رووداوی راگەیاند، رووسیا لە هێرشەکانی بەیانیی رۆژی دووشەممەدا "درۆنی ئێرانی" بەکارهێناوە و ئاماژەی بەوەکرد کە "نزیکەی 15 درۆنی ئێرانی لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا و هێزی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە".
یوری ساک دەڵێت، لە هێرشەکانی رۆژی دووشەممەی رووسیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئۆکراینا، 13 کەس کوژراون و 85 کەسی دیکەش برینداربوون. بەبێ ئاماژەدان بەوەی کە قوربانییان کەسانی سڤیلن یان سەربازی ئۆکراینین.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لەدوای هێرشی رووسیاوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کیێڤی پایتەختی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند کە رووسیا درۆنی شاهدی، کە دروستکراوی ئێرانە، لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە. زیلینسکی گوتیشی کە جگە لە کیێڤی پایتەخت، 10 شوێنی دیکە لە سەرتاسەری وڵاتەکە کراونەتە ئامانج.
جگە لە هێرشە مووشەکییەکان، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا دەڵێت، بە 84 مووشەک هێرشکراوەتە سەر وڵاتەکەیان و "زۆربەیان ئاراستەی کیێڤ کراون". دەشڵێت، سیستەمی بەرگری و سوپای ئۆکراینا توانیویانە 43 مووشەک بخەنە خوارەوە.
رۆژی دووشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2022 ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لەدوای هێرشەکە، لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کۆبووەوە و باسی لە تەقاندنەوەی پردی کریمیا کرد و دووبارە ئۆکراینا بە تەقاندنەوەی تۆمەتبارکرد. پووتین گوتی: "مەحاڵە ئەم تاوانە بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕێت."
ئاماژەی بەوەشدا لەسەر پێشنیازی وەزیری بەرگری و سوپاسالار، لە رێگەی چەکی زۆر وردەوە "هێرشێکی گەورە" کرا. گوتیشی کە ژێرخانی وزە، رێکخستنی سەربازی و پەیوەندییەکانی ئۆکراینا کرانە ئامانج.
لەو بارەیەوە، رووداو پرسیاری لە راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا کرد و لە وەڵامدا یوری ساک گوتی کە ئەو بارهەڵگرەی لەسەر پردی کریمیا تەقێندراوەتەوە، "لە دیوی رووسیاوە هاتووە، لە رووسیا تۆمارکراوە و شۆفێرەکەشی دانیشتووی رووسیایە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا
رووداو: شەوی رابردوو دۆخی کیێڤ چۆن بوو؟ ئایا بۆردوومان هەبوو؟
یوری ساک: بەیانی باش و سوپاس بۆ میوانداریکردنم. هێرشە مووشەکییەکانی سەر کیێڤ کە بەیانیی دوێنێ کران، بە 84 مووشەک کران و زۆربەیان ئاڕاستەی کیێڤ کران و هێزەکانی بەرگریی ئۆکراینا توانییان 43 مووشەک بخەنە خوارەوە. بەڵام بێگومان لە ئەنجامی ئەم هێرشە مووشەکییە تیرۆریستییەدا خەڵکی سڤیل کوژران و ژمارەیەکی زۆری خاڵە ژێرخانییەکانیش زیانیان بەرکەوتووە. بەڵام حکومەتی ئۆکراینا توانی بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بکات و زۆربەی شوێنە زیان بەرکەوتووەکانی دوێنێ چاکبکاتەوە. دوێنێ شەو تا راددەیەک ئارام بوو، بەڵام ئەمڕۆش هێشتا زەنگی ئاگادارکردنەوەمان لە کیێڤ و ژمارەیەکی زۆری شارەکانی دیکەی ئۆکرایناش هەیە. هێشتا مەترسیی تیرۆری ئەم مووشەکانە لە ئارادایە. هەر بۆیە رووسیا وڵاتێکی تیرۆریستە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین رووسیا بە وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆر بناسێنێت.
رووداو: دوایین ئاماری قوربانییەکانی هێرشەکەی دوێنێی رووسیا بۆسەر کیێڤ گەیشتە چەند کوژراو و بریندار؟
یوری ساک: لە سەرتاسەری ئۆکراینا 13 کەس کوژراون و هەر لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکاندا 85 کەسی دیکە بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە هێرشە مووشەکییەکانی دوێنێ هێرشی یەکەم نەبوون. راستە کە لە ژمارەدا هێرشی گەورەبوون، بەڵام خۆ رووسیا بە نزیکەیی هەموو رۆژێک مووشەکبارانی ئۆکراینا دەکات بۆ نموونە پێش دوو رۆژ، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر زاپۆریژیا کە 12 کەس بەهۆیەوە کوژران. پێش پێنج رۆژیش هەر لە زاپۆریژیا هێرشێکی دیکە کرا، هێرشەکە بە 12 مووشەک کرا و 18 کەس کوژران. بۆیە ئەم تیرۆری مووشەکییە رۆژانە بەردەوامە و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان ئەمە دەبینن. هەربۆیە، بەتایبەت دوای دوێنێ ئێمە باوەڕمان وایە کە هاوکاریی زیاتری سەربازیمان پێدەگات، چونکە پێویستە ئەم جەنگە ببەینەوە و رووسیا لە کوشتنی خەڵکی خۆمان بووەستێنین.
رووداو: ئەمشەویش دەنگی تەقینەوە لە کیێڤ بیستراوە، ئەو تەقینەوەیە بۆردوومانی رووسیا بوو؟
یوری ساک: هەروەکو گوتم هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی دوێنێش شوێنە جیاوازەکانی کیێڤیان کردە ئامانج، بەڵام ژمارەیەک مووشەک ناوەندی شاری کیێڤیان کردە ئامانج. شتی قێزەون ئەوەیە کە ئەوان یاریگەیەکی منداڵان، مۆزەخانەیەک و شوێنی پەڕینەوەی خەڵکی لە شەقامەکانیان کردووە ئامانج. ئەمانە ئامانجی سەربازی نەبوون. لە بنەڕەتدا ئەمە سرووشتی تیرۆرە. کاتێک وڵاتێکی دەستدرێژیکار ژێرخانی سڤیل و خەڵکی دەکاتە ئامانج دەبێت سەرکۆنە بکرێت."
رووداو: هێرشەکەی دوێنێ تەنیا بە مووشەک بوو یان درۆنیش بەکارهاتووە؟ ئایا درۆنەکان ئێرانی بوون؟
یوری ساک: بێگومان هێرشەکانی دوێنێ لە رێگەی ژمارەیەکی زۆری مووشەکی جیاجیاوە کرا، بەڵام درۆنیشی لەگەڵ بوو. ژمارەیەکی زۆری ئەم درۆنانەش، ئەگەر هەڵە نەبم نزیکەی 15 درۆنی ئێرانی لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا و هێزی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە. دوێنێ شەویش، دوای هێرشی مووشەکی بۆسەر کیێڤ، هێرشێکی دیکەی مووشەکی کرایە سەر شاری زاپۆریژیا و هێشتا ئێمە لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی دەکەین. هاوکات هێرشی درۆنی کراوتە سەر ئۆدێسا و ژمارەیەک درۆنیش لە نزیک ئۆدێسا خراونەتە خوارەوە. بۆیە بەڵێ، درۆنە ئێرانییەکان بەشێوەیەکی چڕ لەلایەن رووسیاوە بەکاردەهێندرێن. بەڵام ئێمە دەزانین چۆن دەیانخەینە خوارەوە. ئەمە لە قازانجی رووسیادا نابێت. بەم هەموو مووشەکانەش، رووسیا دەیەوێت ئۆکراینا لەنێوببات و دەیەوێت ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەکاربهێنێت، بەڵام رووسیا هەرگیز سەرکەوتوو نابێت چونکە ئۆکراینییەکان خۆڕاگرن و ئێمە لەم هێرشە مووشەکییانە ناترسین و ئێمە لە جەنگی ئازادبوونمان بەردەوام دەبین و دووژمن لە خاکەکەمان دەکەینە دەرەوە."
رووداو: پردەکەی کریمیا لەلایەن ئۆکراینا تەقێنراوە؟
یوری ساک: ئەوەی لە پردی کریمیا روویدا، ئەو پردەی پێی دەگوترێت پردی کێرچ، پێش ئەوەی هیچ شتێک بڵێم، دەبێت سەرەتا روونیبکەمەوە کە ئەم پردە سیمبوولی داگیرکاریی رووسیایە. ئەو داگیرکارییەی کە لە ساڵی 2014 بە لکاندنی کریمیا دەستیپێکرد. کریمیا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە خاکی ئۆکراینا ناسێنراوە. راستییەکەی من سوپاسی کەناڵەکەتان دەکەم لەبەرئەوەی کاتێک نەخشەی ئۆکرایناتان پێشاندا، تێبینیم کرد کە کریمیاتان وەکو بەشێک لە ئۆکراینا پێشانداوە هەروەکو چۆن دەبێت بەوشێوەیە بێت و دەشبێت هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوشێوەیە بیربکاتەوە. دووەمیش، پردی کریمیا ئەو پردە بوو کە هەر لە سەرەتای داگیرکارییەکەوە، وڵاتی دەستدرێژیکار بەکاریهێنا بۆ ئەوەی هاوکاریی سەربازی وەکو چەکی قورس و تەقەمەنی و پێداویستیی لۆجیستیی دیکە بۆ سوپای رووسیا لە باشووری ئۆکراینا بگوازێتەوە. بۆیە راستیی ئەوەی کە ئەم تەقینەوەیە لەسەر پردەکە روویداوە، بۆ سوپای ئۆکراینا شتێکی باشە. بەڵام بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە چی لەوێ روویداوە، دەبێت تەماشای ئەم راستییە بکەین؛ شۆفێری بارهەڵگرەکە کەسێکی رووسی بوو، هاووڵاتییەکی رووسی بوو. بارهەڵگرەکە خۆی لە رووسیا تۆمارکرابوو و بارهەڵگرەکە لە خاکی رووسیاوە هاتبووە سەر پردەکە. بۆیە ئەگەر بمانەوێت تێبگەین کە چی روویداوە دەبێت لە رووسیا بۆیان بگەڕێین نەک لە ئۆکراینا.
رووداو: رووسیا هەواڵگریی ئۆکراینا تۆمەتباردەکات بە تەقاندنەوەی پردەکە، وەڵامتان بۆ ئەو تۆمەتبارکردنە چییە؟
یوری ساک: ئەمە شتێکی نوێ نییە. هەرکاتێک رووسیا تاوانێک یان کارێکی دڕندانە و تیرۆریستی بکات، هەمیشە ئۆکراینا تۆمەتبار دەکات، ئەمە تاکتیکی ئەوانە. بۆیە ئێمە لەوە راهاتووین، بەڵام پێمانوایە کە ئێمە و هەموو ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆرجار بینیومانە کە چۆن رووسیا درۆ دەکات. بۆ نموونە ئەوان درۆیان لەبارەی تراژیدیای MH-17ـی ساڵی 2014 کرد، ئەوان درۆیان لەبارەی رووداوەکانی بەرەی جەنگەوە کرد، ئەوان درۆیان لەبارەی کوشتنی بەکۆمەڵ لە شارەکانی ئۆکراینای وەکو بووچا، ئیرپین و بۆردیانکا کرد.
بۆیە کاتێک گوێ بۆ رووسیا دەگری، ئەوان دەڵێن کە خەڵکی سڤیل ناکوژن و تەنیا ژێرخانی سەربازی دەکەنە ئامانج، ئەمە هەمووی ساختە و درۆیە. رووسیا وڵاتێکی تیرۆریستە کە رۆژانە درۆ دەکات. بۆیە نابێت گوێ لە گوتەکانی رووسیا بگیرێت. تەنیا دەبێت تەماشای راستییەکان بکەین و هەوڵبدەین تێبگەین کە چی روویداوە، چونکە گوتەکانی رووسیا جێگەی متمانە نین.
رووداو: ئەگەر ئۆکراینا نەبووە، بە بڕوای تۆ کێ ئەو پردەی تەقاندووەتەوە؟
یوری ساک: پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی رێکوپێک بکرێت، نەک لێکۆڵینەوەیەک وەکو ئەوە بێت کە رووسیا کردوویەتی، چونکە کاتێک رووسیا ویستی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بکات کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بە دووری چەند مەترێک لە کرێملنەوە روویدا، کاتێکی زۆری ویست. بەڵام کاتێک دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لە شتێکی ئاڵۆز بکەن و لەنێو خاکی ئەوان رووینەداوە ئەوان لە ماوەی 24 کاژێردا دەگەنە ئەنجامێک. ئەمە شتێکی گوماناوییە. نابێت ئەمە بەوشێوەیە بێت، بەڵام ئەمە خاڵە جەوهەرییەکە نییە، خاڵی سەرەکیی ئەوەیە کە دەبێت ئێمە سەرنج بخەینە سەر شتە سادەکە، ئەویش ئەوەیە کە تاکە دەستدرێژیکار لەم جەنگەدا، رووسیایە. ئەوەش لەلایەن ئۆکراینا و هاوبەشە ئەوروپییەکانمان و ئەمریکاشەوە دانیپێدانراوە. هەربۆیە ئێمە بەشێوەیەکی فەرمیی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی رووسیا بە وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆر بناسێنێت. بێگومان، ئۆکراینا پێویستی بەوەیە کە چەکی قورسی دیکەی لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمانەوە پێبگات بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی باشتر بەرگری لە خۆمان بکەین و هێرشی پێچەوانەش بەشێوەیەکی کاریگەرتر بکەین و کۆتایی بەم جەنگە بێنین.
رووداو: لە سەدا چەندی ئەو ناوچانەی ئۆکرایناتان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە کە کەوتبوونە دەست رووسیا؟
یوری ساک: لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە، تەنیا لە هەرێمی خێرسۆن، توانیومانە هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە کۆنتڕۆڵبکەینەوە، ئەمەش هەموو رۆژێک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت چونکە رۆژانە سوپای ئۆکراینا گوندی زیاتر و زیاتر کۆنتڕۆڵدەکاتەوە و لەوە بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو شتێک ئازاد دەکەین، تاوەکو هەموو بەشێکی خاکی ئۆکراینا بە کریمیاشەوە رزگار دەکەین.
رووداو: ئەو ناوچانەی گشتپرسییان تێداکرا و لکێندران بە رووسیاوە، ئەوانیش کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە؟
یوری ساک: بە دڵنیاییەوە، ئەمانە گشتپرسی نین، ئەمە گاڵتەجاڕییە. ئەمانە گشتپرسیی ساختەبوون. هیچ کەسێک دان بەم گشتپرسییە ساختانەدا نانێت. بۆیە بێگومان، هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆریژیا، دۆنیتسک و لوهانک بەشێوەیەکی نێودەوڵەتیی بە خاکی ئۆکراینا دەناسرێن و هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی ئازادیان بکەین بۆ ئەوەی سەروەریی خاکی ئۆکراینا بگەڕێنینەوە. باش بوو ئەو پرسیارەت کرد چونکە دوێنێ پڕۆژەیاسایەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەژێر ناوی سەروەریی خاکی ئۆکراینا خرایەڕوو و من دڵنیام کە بەشێکی زۆری ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لە بەرژەوەندیی پڕۆژەیاساکە دەدەن و ئەم گشتپرسییە ساختان سەرکۆنە دەکەن. ئەمە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و دەبێت رووسیا بەبەرپرسیار دابنرێت، زیاتر لە جیهان داببڕێندرێت و سزای زیاتری بەسەردا بسەپێندرێت.
رووداو: لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا رازین؟
یوری ساک: ئۆکراینا هاوکاریی گرنگی سەربازیی لە هاوبەشە رۆژئاواییەکانییەوە پێدەگات. ئێمە پیشانی جیهانمانداوە کە دەتوانین شەڕ بکەین، بەڵام بێگومان لە شەڕەکەماندا بۆ سەربەخۆیی و ئازادی، کە هاوکات شەڕی ئازادیی ئەوروپاشە، ئێمە پشت بە هاوکاریی سەربازیی وڵاتانی رۆژئاواوە دەبەستین. سبەی پلاتفۆرمی رامشتاین لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت. ئەمە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی سەروو 50 وڵاتە. جارێکی دیکە ئەم وڵاتانە تاوتوێی ئەو جۆرە پاڵپشتییە دەکەن کە بە ئۆکراینای دەدەن. لەم کاتەدا ئێمە داوای تانک، زریپۆش، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و سیستمی بەرپەچدانەوەی مووشەک دەکەین چونکە دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە، کە هێرشە مووشەکییەکانی وەکو دوێنێ دووبارە نابنەوە، بۆ ئەوەش ئێمە پێویستیمان بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کاریگەر هەیە.
رووداو: ترستان لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن رووسیاوە هەیە؟
یوری ساک: ئێمە هەموومان مرۆڤین، هەموومان خێزانمان هەیە و دەمانەوێت بژین. بۆیە هیچ کەسێک نایەوێت لە دۆخێکدا بێت کە تێیدا رووسیا چەکی ئەتۆم بەکاربهێنێت، چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بێت یان هەر جۆرە چەکێکی دیکەی ئەتۆم بێت، بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە ناشترسین کە ئەم هەڕەشەیە ببێتە هۆی گۆڕینی پلانەکانمان.
مەترسیی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن رووسیاوە هەیە، راستییە و ئێمە لەمە تێدەگەین، بەڵام ئەمە ئێمە لە بەدەستهێنانی ئامانجە سەربازییەکانمان ناوەستێنێت، ئەمە هێرشە پێچەوانەکانمان ناوەستێنێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە هەموو ئەو ناوچانەی ئۆکراینا ناوەستێنێت کە بەشێوەیەکی کاتی لەلایەن رووسیاوە داگیرکراون.
بێگومان رووسیا دەیەوێت ئۆکراینا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بترسێنێت، هەربۆیە بەردەوام ئەم هەڕەشە ئەتۆمییانە دەکات. ئەوان ئەمە دەکەن چونکە ناتوانن لەسەر زەمین هیچ ئامانجێکی سەربازی بەدەستبخەن. دەیانەوێت ئەو ئابڕووچوونە بە پەنابردنە بەر تیرۆری مووشەکی و هەڕەشەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم بپۆشن، بەڵام جارێکی دیکە دەبێت ئێمە بوێربین و دەبێت لەوەش تێبگەین کە مەحاڵە دانوستاندن لەگەڵ تیرۆریستان بکەین و رووسیا وڵاتێکی تیرۆریستە. بۆیە دەبێت لە شەڕکردن بەردەوام بین و دەبێت هاوبەشەکانمان چەکمان بدەنێ. بەوشێوەیە ئێمە دووژمن دەبەزێنین، سەروەریی خاکی ئۆکراینا دەگەڕێنینەوە و ئاشتیش بۆ ئەوروپا دەگەڕێنینەوە و ئەم هەڕەشەیە لادەبەین.
رووداو: دوایین ئاماری سەربازە کوژراوەکانی ئۆکراینا و رووسیا چەندە؟
یوری ساک: لە سەرەتای داگیرکردنە گەورەکە لەلایەن رووسیا لە 24ـی شوباتەوە، ئامارە وردەکانم بیرنایەتەوە، بەڵام پێش ماوەیەکی کورت گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە 70 هەزار سەربازی رووسیامان لە شەڕدا کوشتووە.
بێگومان سوپای ئۆکرایناش زیانی بەرکەوتووە، بەڵام بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ئامارەکانت پێبڵێم، بۆ ئەوەی تێبگەین کە چەند سەربازی ئۆکراینی لە کاتی بەرگریکردن لە خاکەکەمان کوژراون؛ لە کاتی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر خارکیڤ کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد، ئامارێک لەلایەن سەرۆکی ئۆکرایناوە [ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی] بڵاوکرایەوە، ئەویش ئەوەبوو کە بۆ هەر 10 سەربازی رووسی کە لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە کوژراون، تەنیا یەک سەربازی ئۆکراینی کوژراوە.
دەزانین کە ئەمە جەنگە، ئێمە لە هەر سەربازێکی ئۆکراینا کە ژیانی خۆی لە پێناو بەرگریکرن لە وڵاتەکەی بەختدەکات بەرز دەنرخێنین. ئێمە ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە رووسیا سەربازمان لێدەکوژرێت، چونکە تاکتیکەکانمان زیرەکترن، ژیانی مرۆڤ لای ئێمە گرنگە و بە بایەخەوە لە ژیانی سەربازانیشمان دەڕوانین، بەڵام رووسیا سەربازەکانی وەکو سووتەمەنیی جەنگ بەکاردەهێنێت. ئەوان هیچ رێزێک لە ژیانی مرۆڤ ناگرن. جا ئۆکراینییەکان بن یان سەربازەکانیان. بۆیە زیانەکان لە دیوی ئەوان گەورەترن. رووسیا بەردەوام سەبارەت بە زیانەکان درۆ لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیدا دەکات. بەڵام ئومێدەوارین خەڵکی [رووسیا] ئینتەرنێت بەکاربهێنن و لەوە تێبگەن کە دۆخەکە لە گۆڕەپانی جەنگدا جیاوازە. هەر بۆیە سەرۆکەکەمان زۆر جار دەڵێت و ئەلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریشمان لە چەند رۆژی رابروودا ئاماژەی بەوەدا: ئەگەر سەربازە رووسەکان دەیانەوێت بژین، باشترین دەرفەت بۆ ئەوان خۆ رادەستکردنە. ئەوان دەبنە دیلی جەنگ، ئەگەر خۆیان رادەست نەکەن، لەسەر خاکی ئۆکراینا دەکوژرێن. ئەمە بژارەیەکی زۆر سادەیە بۆ ئەوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ