رووداو - برۆکسل
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە، هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و خۆپیشاندانەکانەی عێراق و چەند مژارێکی دیکە تاوتوێدەکەن.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە برۆکسل رایگەیاند، یەکێک لە مژارەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، تاوتوێکردنی بارودۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەبێت، واتە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، بە درێژایی رۆژ چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێ دەکرێن لەوانە ئەو پێشهاتە نوێیانەی ئێستا لە تورکیا هەن لەبارەی ناردنەوە و دیپۆرتکردنەوەی چەکدارە بیانییەکانی داعش بۆ وڵاتەکانیان، ئەگەرچی ئەو مژارە بە فەرمی لە ئەجێندای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا نەبووە.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بە گشتی باسی پرسی بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دەکرێت، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە روون و راشکاوی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئێران پابەندی ئەو رێککەوتنەبێت کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی 5+1 ئەنجامیداوە.
هاوکات فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، باسی لەوەکرد کە دوو خاڵ هەن کە لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەدا نین، بەڵام دەیانەوێت ئەمڕۆ قسەی لەسەر بکەن، ئەویش بارودۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکانەی عێراق دەبێت.
فێدریکا مۆگرینی دەڵێت، بارودۆخی سیاسی عێراق گرنگە و دەبێت بزانین چ لە عێراق دەگوزەرێت. پرسێکی دیکە کە ئاماژەی پێدا دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی بۆلیڤیا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ