رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی نەمسا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەکی مشتومڕاوی دەدات، کە ئامانج لێی قەدەخەکردنی لەچک و سەرپۆشە لە قوتابخانەکاندا بۆ کچانی خوار تەمەنی 14 ساڵ.
ئەم هەنگاوە، کە لەلایەن حکومەتە راستڕۆکەی وڵاتەکەوە پاڵپشتی دەکرێت، بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لەنێو گرووپەکانی مافی مرۆڤ و شارەزایانی یاساییدا، کە هۆشداری دەدەن لەوەی یاساکە جیاکارانەیە و ئەگەری هەیە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەدا قووڵتر بکاتەوە.
حکومەتی هاوپەیمانیی نەمسا، کە لەژێر گوشاردایە بەهۆی بەرزبوونەوەی هەستی دژە کۆچبەری لە ئەورووپا، لە سەرەتای ئەمساڵدا پێشنیازی ئەم قەدەخەکردنەی کرد و رایگەیاند، ئامانجی "پاراستنی کچانە لە ستەمکاری".
لە ساڵی 2019دا، هەوڵێکی هاوشێوە بۆ قەدەخەکردنی سەرپۆش لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا لەلایەن دادگەی دەستووریی وڵاتەکەوە رەتکرایەوە و بە نادەستووری و جیاکارانە لەقەڵەمدرا.
سەرەڕای ئەم بڕیارەی پێشوو، حکومەتی ئێستا پێداگری دەکات کە یاسا نوێیەکە لەڕووی دەستوورییەوە بێ کێشەیە.
پرۆژەیاساکە، ئەگەر پەسند بکرێت، رێگری لە کچانی خوار تەمەنی 14 ساڵ دەکات لە پۆشینی هەموو جۆرە سەرپۆشێک لە سەرجەم قوتابخانە گشتی و تایبەتەکاندا.
کلاودیا پلاکۆلم، وەزیری یەکخستنی نەمسا، لە کاتی پێشکەشکردنی پرۆژەیاساکەدا رایگەیاند: "کاتێک بە کچێکی گەنج دەگوترێت کە دەبێت جەستەی خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە نیگای پیاوان بپارێزێت، ئەمە رێوڕەسمێکی ئایینی نییە، بەڵکو ستەمکارییەکی روونە."
پلاکۆلم، روونیکردەوە کە قەدەخەکردنەکە "هەموو جۆرەکانی" پۆشاکی ئیسلامی دەگرێتەوە، لەوانە حیجاب و بورقە، و لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە مانگی ئەیلوولدا بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی یاساکە، لە مانگی شوباتەوە قۆناخێکی ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات کە تێیدا رێسا نوێیەکان بۆ پەروەردەکاران، دایکان و باوکان و منداڵان رووندەکرێنەوە بەبێ ئەوەی هیچ سزایەک بۆ سەرپێچیکردنی هەبێت.
بەڵام دواتر، بۆ هەر سەرپێچییەکی دووبارە، دایکان و باوکان رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە کە لەنێوان 150 بۆ 800 یۆرۆ دەبێت.
حکومەت رایگەیاندووە. بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 12 هەزار کچ لەژێر کاریگەریی یاسا نوێیەکەدا دەبن.
لە بەرامبەردا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی تووندیان لە پرۆژەیاساکە گرتووە. لقی نەمساى رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند ئەم یاسایە "جیاکارییەکی ئاشکرایە لە دژی کچانی موسڵمان" و بە "دەربڕینێکی روونی رەگەزپەرستیی دژە موسڵمانان" وەسفی کرد.
هەروەها دەستەی فەرمیی نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە موسڵمانەکانی نەمسا (IGGOe)، هۆشداریدا کە قەدەخەکردنەکە "یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە" و رایگەیاند "لەبری بەهێزکردنی منداڵان، ئەوان لە قاڵب دەدرێن و پەراوێز دەخرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ