کارتەکەی ترەمپ ئێستا بەردەستە؛ بە یەک ملیۆن دۆلار دەبیتە ئەمریکی

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پڕۆگرامە نوێیەکەی پێدانی ڤیزا بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە ئەمریکا نیشتەجێبن دەستیپێکردووە. پڕۆگرامەکە ناوی "کارتی زێر"ـە نرخەکەی یەک ملیۆن دۆلارە. ئەم هەنگاوە نوێیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەکە رێوشوێنی تووندی لە دژی جۆرەکانی دیکەی کۆچ گرتووەتەبەر.
 
پرۆگرامە نوێیەکە، کە بە "گۆڵد کارد" و هەندێک جاریش بە "ترەمپ کارد" دەناسرێت، وەکو جێگرەوە "گرین کارد" سەیر دەکرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی بۆ رۆژنامەڤانان، تایبەتمەندییەکانی "گۆڵد کارد"ی روونکردەوە و گوتی: "لە بنەڕەتدا، ئەمە گرین کارتە، بەڵام زۆر باشترە. زۆر بەهێزترە، رێگەیەکی زۆر بەهێزترە." 
 
ترەمپ، کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو رێگەکانی کۆچکردنی یاسایی و نایاسایی بۆ ئەمریکا کەمکردووەتەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم پرۆگرامە تەنیا بۆ کەسانی تایبەتە و گوتی: "هەبوونی رێگەیەک شتێکی گەورەیە. دەبێت خەڵکانێکی مەزن بن."
 
دواتر لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵی تایبەت بە خۆی، ترەمپ، نووسیویەتی کە گۆڵد کارتەکە "رێگەیەکی راستەوخۆ بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە بۆ هەموو کەسانی شایستە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە" دابین دەکات. 
 
ترەمپ، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمپانیا مەزنە ئەمریکییەکانمان دەتوانن لە کۆتاییدا بەهرە بەنرخەکانیان بهێڵنەوە،" کە مەبەستی لێی ئەو پسپۆڕ و شارەزایانەیە کە کۆمپانیاکان پێویستیان پێیانە.
 
بیرۆکەی ئەم کارتە نوێ نییە و ترەمپ، سەرەتا لە سەرەتای ئەمساڵدا باسی لە پلانێکی هاوشێوە بە ناوی 'پلاتینیۆم کارد' کردبوو. 
 
رۆژی چوارشەممە، ماڵپەڕی فەرمیی trumpcard.gov کرایەوە، کە رێگە بە داواکاران دەدات بە پێدانی رسوماتێکی 15 هەزار دۆلاری بە وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆ، پرۆسەی مامەڵەکانیان خێرا بکەن. 
 
لە ماڵپەڕەکەدا هاتووە: "بۆ رسوماتێکی 15 هەزار دۆلاریی وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆ و، دوای رەزامەندی لەسەر پشکنینی رابردوو و بە پشکدارییەک بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار، مافی نیشتەجێبوونی ئەمریکا لەگەڵ ترەمپ گۆڵد کارد بەدەستبهێنە."
 
هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 10 هەزار کەس پێشوەختە ناویان بۆ ئەم پرۆگرامە تۆمار کردووە و پێشبینیی کرد کە بتوانێت ملیارەها دۆلار داهات بۆ حکومەت کۆبکاتەوە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، ئۆفەرێکی گرانبەهاتریش هەیە بە ناوی "ترەمپ پلاتینیۆم کارت" کە نرخەکەی 5 ملیۆن دۆلارە و رێگە بە هەڵگرانی دەدات ساڵانە تاوەکو 270 رۆژ لە ئەمریکا بمێننەوە بەبێ ئەوەی باج لەسەر داهاتەکانیان لە دەرەوەی وڵات بدەن.
 
ئەم هەنگاوە نوێیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە تووندکردنی رێکارەکانی کۆچ، وەکو دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی لە وڵاتەکەدا دەژین. 
 
حکومەتی ئەمریکا هەروەها داواکارییەکانی کۆچی بۆ هاووڵاتییانی زیاتر لە 12 وڵات راگرتووە، کە زۆربەیان لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن. هاوکات، رێکاری نوێ بۆ گەشتیارانی وڵاتانی بێ ڤیزاش دانراوە، لەوانەش داواکردن لە گەشتیاران کە پێش چوونەژوورەوەیان، رێگە بدەن کارمەندانی سنوور دەستیان بە ئەکاونتەکانی سۆشیاڵ میدیایان بگات.
 
هەرچەندە ئیدارەکە گوشاری خستووەتە سەر هەندێک زانکۆ بۆ کەمکردنەوەی وەرگرتنی قوتابیانی بیانی، بەرپرسان دەڵێن "گۆڵد کارت" چارەسەرێکە بۆ هێشتنەوەی ئەو قوتابییە بیانییە بەهرەمەندانەی کە لە زانکۆکانی ئەمریکا دەردەچن.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمریکا. وێنە: Reuters

کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگی لەسەر هەڵگرتنی یاسای قەیسەر لەسەر سووریا دا

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی بە "یاسای قەیسەر" ناسراون لەسەر سووریا، پێشنیازەکە لە چوارچێوەی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2026 جێگیر کرابوو.