رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، هێرشی سەر حووسییەکانی یەمەن لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا بوو و ئاماژە بەوەش دەکات، پێشتر هۆشداری درابووە حووسییەکان کە دەبێت واز لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور بهێنن.
رۆژی هەینی، 12-1-2024، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "دوێنێ شەو هێرشی ئاسمانیمان کردە سەر پێگەکانی حووسییەکان. دەمەوێ زۆر بە روونی بڵێم کە هێرشەکان ئامانجدار بوون و بۆ سەر سەکۆی درۆن و مووشەکی بالیستی بوون".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەو قسانەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا لە کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتە کرد.
سووناک گوتی، "لەم چەند مانگەی دواییدا حووسییەکانی یەمەن بێ وچان هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سوور؛ هێرشی ئەوان بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی چەندین کەسی بێتاوان بکەوێتە مەترسییەوە و زیانێکی زۆریش بەر ئابووریی جیهان بکەوێت".
ئەمریکا لە 18-12-2023دا رایگەیاند، "بە هاوبەشیی فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بەریتانیا، یۆنان، بەحرێن، هۆڵەندا و نەرویج هاوپەیمانێتیی پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور و وەستاندنی هێرشەکان رادەگەیێنین".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە باسی ئەو هاوپەیمانێتییەدا گوتی، "لە کانوونی یەکەمدا هاوپەیمانێتییەکمان بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور راگەیاند و لە 3ـی کانوونی دووەمدا 14 وڵات هۆشدارییەکی روونیان دا کە دەبێت هێرشەکان بووەستن. لە 10ـی کانوونی دووەمدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی (حووسییەکان)ی کرد و گوتی، هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی بەرگری لە کەشتییەکانی بکات، بەڵام هێرشەکان هەر بەردەوام بوون".
سووناک گوتی، "مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین و هێرشەکانیش لەو چوارچێوەیەدا بوون".
دوای هێرشەکان، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسیەکان گوتی، "ئەمریکا و بەریتانیا 73 جار هێرشیان کردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز، حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ